کوردستان

05:21 - 28/09/2019

یه‌كێتى و پارتى له‌كۆبوونه‌وه‌ى رابردوویان له‌سه‌ر یه‌ك خاڵ رێككه‌وتن‌

پەیسەر


په‌یسه‌رپرێس زانیاری ده‌رباره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی یه‌كێتی و پارتی ئاشكراده‌كات، ته‌نها له‌سه‌ریه‌ك خاڵ رێككه‌وتن كراوه‌.

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو پارتی و یه‌كێتی له‌شاری هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌، به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، ته‌نها له‌سه‌ر یه‌ك خاڵ رێككه‌وتن كراوه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌بووه‌ پرسی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان له‌ گله‌ییه‌كانی یه‌كێتی له‌كابینه‌ی نۆیه‌م جیابكرێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و یه‌ك لیستی كورد پێویستی به‌ئاماده‌كاری هه‌یه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، شاندى پارتی داوایكردووه‌ هه‌موو گله‌یی و ره‌خنه‌ و تێبینییه‌كانیان له‌سه‌ر ئه‌دای كاركردنی كابینه‌ی حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، بكه‌ن به‌یه‌ك كارنامه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شی یه‌كێتی و پارتی گفتوگۆی له‌سه‌ربكرێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، شاندى یه‌كێتی بە شاندى پارتی راگه‌یاندووه‌، یه‌كێتی و پارتی دوو رێككه‌وتنیان له‌نێواندایه‌ سه‌باره‌ت به‌كابینه‌ی نۆیه‌م و كه‌ركوك، به‌ڵام پارتی هه‌ردوو رێككه‌وتنه‌كه‌ی پێشێلكردووه‌ و پابه‌ندنه‌بووه‌ پێوه‌یان، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ بێت یه‌كێتی هه‌ڵوێست ده‌نوێنێت.