کوردستان

10:36 - 28/09/2019

ئه‌مریكا ئاماده‌یی بۆ نێوه‌ندگیری له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌رده‌برێت‌

پەیسەر


باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌عێراق، ئاماده‌یی خۆی بۆ نێوه‌ندگیری له‌نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى عێراق ده‌رده‌بڕێت، له‌سه‌رپرسی بوودجه‌ی ساڵی داهاتوو.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌عێراق په‌یوه‌ندی به‌هه‌ردوو حكومه‌تی به‌غداد و هه‌رێمه‌وه‌ كردووه‌، رایگه‌یاندووه‌، كه‌ ئاماده‌ن نێوه‌ندگیری له‌نێوانیاندا بكه‌ن له‌سه‌ر پرسی بوودجه‌و راده‌ستكردنی نه‌وت، ئه‌گه‌ر هه‌ردوولا بگه‌نه‌ بنبه‌ست و بانگهێشتی واشنتن بكه‌ن بۆ نێوه‌ندگیری.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، تائێستا هیچ كام له‌هه‌رێم و به‌غداد وه‌ڵامی ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌یان نه‌داوه‌ته‌وه‌، پێناچێت حكومه‌تی فیدراڵی به‌ ئاشكرا بتوانێت داوای نێوه‌ندگیری بكات، به‌وپێیه‌ی له‌لایه‌ن شیعه‌كانه‌وه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌ده‌ستوه‌ردان له‌كاروباری ناوخۆی عێراق داده‌نرێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر نێوه‌ندگیریش بكات به‌نهێنی ده‌بێت.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، پێشتر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌به‌غداد چاودێری دانوستانه‌كانی هه‌رێمى كوردستان و به‌غدادی كردووه‌و ئاگاداری ورده‌كاری گفتوگۆكانه‌،  به‌گوته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌ى په‌یسه‌ر، ئه‌وه‌ی له‌یاسای بوودجه‌ی ئه‌مساڵ بۆ هه‌رێم چه‌سپێندرا، به‌پێی رێككه‌وتنێك بووه‌ كه‌مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٨ به‌ سه‌رپه‌رشتی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌عێراق واژۆكراوه‌.