کوردستان

09:44 - 28/09/2019

هۆكاری داخستنی به‌شێك له‌ میدیاكانی یه‌كێتی‌

پەیسەر

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌یه‌كێتی هۆكاری داخستنی میدیاكانی یه‌كێتی ئاشكراده‌كات، ده‌ڵێت راسته‌ كێشه‌ی داراییان هه‌یه‌، به‌ڵام هۆكاری تری له‌پشته‌وه‌یه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، خه‌رجی كه‌ناڵه‌كانی كوردسات و بادینان سات و ماڵپه‌ری ئێس ئێن ئێن و چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌كی تری یه‌كێتی، له‌سه‌ر سكرتاریه‌تی مام جه‌لال سكرتێری كۆچكردووی یه‌كێتی بووه‌، به‌ڵام دوای نه‌خۆشكه‌وتنی تاڵه‌بانی خه‌رجی ئه‌و كه‌ناڵ و دامه‌زراوانه‌ خراوه‌ته‌ سه‌ر ئیداره‌ی گشتی یه‌كێتی و ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ موچه‌ی كارمه‌ندانی كه‌ناڵه‌كه‌ نه‌دراوه‌، ته‌نانه‌ت پاره‌ی مانگه‌ ده‌ستكرده‌كانیش قه‌رزدارن.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، له‌راستیدا كێشه‌ی دارایی له‌و میدیایانه‌دا هه‌یه‌ به‌ڵام یه‌كێتی كێشه‌ی دارایی نییه‌،"هه‌ندێك كه‌س ده‌یانه‌وێت ئه‌و شتانه‌ له‌ناوبه‌رن، كه‌ تاڵه‌بانی و هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د دروستیانكردوون، یان گرنگییان پێداون، ئه‌وه‌ش به‌هۆی بوونی ناكۆكی و باڵباڵێنی ناو حزبه‌وه‌".

گوتیشى، به‌شێك له‌ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی میدیای تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌، ئه‌وان كێشه‌ی داراییان نییه‌"به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و میدیایانه‌ی یه‌كێتی كه‌ داخراون، داوایان له‌كارمه‌ند و رۆژنامه‌نوسه‌كان كردووه‌، تا سێ رۆژ بوه‌ستن ئه‌گه‌ر كێشه‌ی كه‌ناڵه‌كانیان چاره‌سه‌رنه‌كرا، ئه‌وه‌ ئازادن چ بڕیارێك ده‌ده‌ن".

له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا به‌بیانووی قه‌یرانی دارایی، به‌شێك له‌میدیاكانی سه‌ر به‌یه‌كێتی داخران. شه‌وى رابردوو كه‌ناڵى كوردسات ده‌ستى به‌ په‌خشكردن كرده‌وه‌.