کوردستان

06:32 - 25/09/2019

وەفدێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دێتە هەرێمی كوردستان‌

پەیسەر

هەفتەی داهاتوو وەفدێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دێتە هەرێم، ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵێت حكومەتی هەرێم خۆی بۆ ئەو سەردانە ئامادەكردووە.

شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپەیسەرپرێسی رایگەیاند: لەلیژنەی نەوت و غاز لەپەرلەمانی عێراق لیژنەیەك دروستكراوە بۆئەوەی لێكۆڵینەوە دەرهێنان و هەناردەی نەوت بكات و لەلایەن رێبوار تەهاوە سەرۆكایەتی دەكرێت و چەند ئەندامێكی تری تێدایە و بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو لیژنەكە سەردانی هەرێمی كوردستان بكات.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەشكرد ئەو لیژنەی دروستكراوە لەبەغداد لەسەر پرسی نەوتی هەرێم لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری دارایی و كۆمپانیای سۆمۆ كۆدەبنەوە. لەهەرێمیش لەچەند شوێنێكیان دیاریكردووە، بۆ ئەوەی لەگەڵیان كۆببنەوە لەوانەش وەزارەتی سامانەسروشتیەكان و لیژنەی دارایی و سامانەسروشتیەكان لەپەرلەمانی كوردستان.

شیروان میرزا راشیگەیاند: حكومەتی هەرێم هیچ كێشەیەكی لەگەڵ سەردانی ئەو لیژنەیە نیە و خۆی ئامادەكردووە و داتا و زانیاریان ئامایە و چاوەڕێی سەردانی لیژنەكەدەكەن.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق راشیگەیاند: چەندین ژمارە دەربارەی هەناردەی نەوتی هەرێم هەیە و حكومەتی هەرێم دەڵێت 450 هەزار بەرمیلە و وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت 480 هەزارە و هەندێك كەسی تریش ژمارەی تر دەڵێن بۆیە ئەو لیژنەیە دروستكراوە بۆ ئەوەی بگەنە راستییەكان.

سەبارەت بەبودجەی ساڵی داهاتوو شیروان میرزا رایگەیاند تا كۆتایی مانگی داهاتوو لەبەردەم هەیە بۆ ئەوەی هەرێم و بەغداد بگەنەرێككەوتن بۆیە دوای ئەوە دەتواندرێت قسەلەسەرئەوەی بكرێت كە مەترسی لەسەر بودجەی هەرێم دەبێت یان نا.