07:52 - 23/09/2019
یه‌كێتى سێ گله‌یى له پارتى هه‌یه
یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان و پارتى دیمو‌كراتى كوردستان، پاش چه‌ند رۆژێك له گرژى نێوانیان، دواى رێگریكردن له مه‌حمود سه‌نگاوى له‌چوونى بۆ هه‌ولێر یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا، یه‌كێتى سێ گله‌یى له پارتى هه‌بووه.
به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌رپرێس، یه‌كێتی سێ گله‌یی سه‌ره‌كی له‌پارتی هه‌یه ئه‌وانیش جێبه‌جێنه‌كردنی رێككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی ده‌رباره‌ی كه‌ركوك، هه‌روه‌ها بێده‌سه‌ڵاتكردنی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زیره‌كانی یه‌كێتی، جگه له‌وه‌ی یه‌كێتی چه‌ند جارێك داوای كۆبونه‌وه‌ی له‌پارتی كردووه، به‌ڵام پارتی به‌بیانووی جیاجیاخۆی دزیوه‌ته‌وه.
دواى ئه‌م كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ، پێده‌چێت چه‌ند رۆژى داهاتوو شاندى باڵاى هه‌ردوولا كۆببنه‌وه، یه‌كێك له‌ته‌وه‌ره‌كانى كۆبوونه‌وه‌كه، تایبه‌ته به لیستى هاوبه‌شى لایه‌نه كوردستانییه‌كان له‌كه‌ركوك و نه‌ینه‌وا. یه‌كێتى ده‌یه‌وێت ئه‌و نیگه‌رانییانه‌ى هه‌یه‌تى له ئاستى باڵادا له‌و كۆبوونه‌وه‌یه باسى بكات.
سه‌باره‌ت به‌رووداوى رێگرى له مه‌حمود سه‌نگاوى، یه‌كێتى له‌ناوخۆیدا كۆك نییه، باڵێكى یه‌كێتى ده‌یه‌وێت، رووداوه‌كه بكاته ده‌رفه‌تێك بۆئه‌وه‌ى پێداچوونه‌وه به په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ پارتى بكرێت. بۆچوونێك هه‌یه له‌نێو یه‌كێتى ده‌بوو خودى بارزانى له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه وه‌ڵامى یه‌كێتى بدایه‌ته‌وه، چونكه یه‌كێتى پێیوایه به‌فه‌رمانى بارزانى بووه. پارتی پێیوایه ده‌بێت یه‌كێتی كه‌خۆی له‌حكومه‌ت به‌شداره، چاوه‌ڕێی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ بكات.