02:54 - 15/12/2018
یەكێتی دەیەوێت خۆپیشاندانی بەرفراوان دژی پارێزگاری كەركوك رێكبخات
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رایدەگەیەنێت، ئەمرۆ كورد لەسەر پارێزگارێكی نوێ بگاتە رێككەوتن، بەیانی راكان جبوری پۆستەكە جێدەهێڵێت، لەبارەی پۆستی پارێزگاری كەركوكیش پەیسەرپرێس پلانێكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، ئاشكرا دەكات.
ئەحمەد عەسكەری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە پەیسەرپرێسی راگەیاند: هەر رۆژێك لایەنە كوردیەكان لەسەر پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك رێكبكەون، رۆژی دواتر راكان جبوری پارێزگاری ئێستای شارەكە پۆستەكە جێدەهێڵێت.
ئەحمەد عەسكەری گوتیشی: جبوری ئامادەنیە بەجێگری پارێزگار بمێنێتەوە و دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران عێراق.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئاماژەی بەوەشكرد، مانەوەی پارێزگاری ئێستا مەترسیە بۆ سەر پێكهاتەكانی كورد و توركمان، چونكە تەنها كار بۆ یەك پێكهاتە دەكات لەسەر حسابی پێكهاتەكانی تر.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگا دەشڵێت: هەموو حزبە كوردییەكان لەبەرامبەر كەركوك كەمتەرخەمن و دەبێت هەر 26 ئەندامەكەی لیستی برایەتی كۆبكەنەوە و پارێزگارێكی نوێ بۆ شارەكە هەڵبژێرن.
ئەو ئەندامە كوردەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، گوتی: هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ كۆتایی دەهێنێت بە كارە نایاساییەكانی پارێزگاری ئێستا.
لەلایەكی ترەوە و بەپێی زانیاریەكانی پەیسەرپرێس، یەكێتی نیشتمانی هەرەشەی ئەوەی كردووە كە خۆپیشاندانێكی فراوان لە كەركوك دژی كارەكانی پارێزگاری كەركوك رێكدەخات، بۆ ئەمەش دەستی كردووە بەگفتوگۆ لەگەڵ تەواوی پارتە كوردیەكانی شارەكە.