کوردستان

07:17 - 22/09/2019

ده‌سه‌ڵاته‌كانى بریكارى وه‌زیرى ناوخۆ هه‌ڵده‌په‌سێردرێت‌

پەیسەر

پارتى دواى رووداوى رێگرى له‌ مه‌حمود سه‌نگاوى له‌رێگه‌ى قوباد تاڵه‌بانییه‌وه‌، نامه‌یه‌ك ره‌وانه‌ى یه‌كێتى ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێـت، خوازیارن رووداوه‌كان نه‌بنه‌ هۆى تێكچوونى یه‌كریزى كورد، به‌تایبه‌ت له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، پارتى له‌رێگه‌ى قوباد تاڵه‌بانییه‌وه‌ نامه‌یه‌كى بۆ یه‌كێتى ناردووه‌، له‌نامه‌كه‌دا ده‌ڵێن، هیوادارن رووداوه‌كان به‌زیان نه‌شێكنه‌وه‌ بۆ یه‌كریزى كورد و به‌تایبه‌ت له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و له‌رێككه‌وتنه‌كانى به‌غداو هه‌رێم به‌زیان نه‌شكێنه‌وه‌.

ده‌سه‌ڵاته‌كانى بریكارى وه‌زیرى ناوخۆ هه‌ڵده‌په‌سێردرێت

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، وه‌زیرى ناوخۆ ده‌سه‌ڵاته‌كانى جه‌لال شێخ كه‌ریم بریكارى وه‌زیرى ناوخۆى هه‌ڵپه‌ساردووه‌، دواى رووداوه‌ى رێگرتن له‌ مه‌حمود سه‌نگاوى، ئه‌وه‌ش والێكدانه‌وه‌ى بۆده‌كرێت پارتى بییه‌وێت رووداوه‌كه‌ ببه‌ستێته‌وه‌ به‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كانى یه‌كێتییه‌وه‌و له‌خۆى دوورى بخاته‌وه‌.

لیژنه‌كه‌ى یه‌كێتى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كێ ده‌كات؟

هه‌ربه‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، دواى رووداوى رێگریكردن له‌ مه‌حمود سه‌نگاوى یه‌كێتى لیژنه‌یه‌كى پێكهێناوه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كه‌، لیژنه‌كه‌ش په‌یوه‌ندى به‌چه‌ند به‌رپرسێكى باڵاى یه‌كێتی-یه‌وه‌ ده‌كات له‌ناو حكومه‌ت و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان.

یه‌كێتى داوایكردووه‌، لیژنه‌كه‌ى مافى ئه‌وه‌ى هه‌بێت سه‌ردانى هه‌ولێر بكات و گفتوگۆ و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئه‌منى بكات، به‌ڵام پارتى ره‌زامه‌ندى پیشان نه‌داوه‌و رایگه‌یاندووه‌، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ورووداوه‌ ئه‌ركى حكومه‌ته‌ نه‌ك حزب.