03:02 - 22/09/2019
مه‌سعود بارزانى ئاماده‌نییه وه‌ڵامى نامه‌كه‌ى یه‌كێتى بداته‌وه
مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتی كوردستان، ئاماده‌نه‌بووه وه‌ڵامى ئه‌و نامه‌یه‌ى یه‌كێتى نیشتیمانى کوردستان بداته‌وه، كه له‌سه‌ر رێگرى له‌مه‌حمود سه‌نگاوى له‌چوونى بۆ هه‌ولێر ئاڕاسته‌یان كردبوو. بۆیه‌ش له‌رێگه‌ى هۆشیار زێبارییه‌وه په‌یامێك ره‌وانه‌ى یه‌كێتى كراوه‌ته‌وه.
رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو، رێگرى له‌مه‌حمود سه‌نگاوى ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى كرا بچێته هه‌ولێر، ئه‌وه‌ش كاردانه‌وه‌ى یه‌كێتى لێكه‌وته‌وه‌و به‌وهۆیه‌وه نامه‌یه‌كیان ئاراسته‌ى مه‌سعود بارزانى كرد.
به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتووه، مه‌سعود بارزانى ئاماده‌نه‌بووه خودى خۆى وه‌ڵامى نامه‌كه‌ى یه‌كێتى بداته‌وه، كه كۆسره‌ت ره‌سوڵ جێگرى سكرتێرى یه‌كێتى ئاڕاسته‌ى كردبوو. بۆیه‌ش هۆشیار زێبارى ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى، به‌ناوى مه‌كته‌بى سیاسى پارتییه‌وه وه‌ڵامى نامه‌كه‌ى دایه‌وه. به‌ڵام وه‌ڵامه‌كه به راسپارده‌و ئاگادارى مه‌سعود بارزانى و مه‌سرور بارزانى بووه‌و داواى هێوركردنه‌وه‌ى دۆخه‌كه كراوه.
دواى ره‌وانه‌كردنى نامه‌كه بۆ بارزانى، مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى له‌رۆژى هه‌ینى كۆبووه‌وه‌و دواى كۆبوونه‌وه‌كه گوته‌بێژى یه‌كێتى باسى ئه‌و كێشه‌یه‌ى نه‌كردوو به رۆژنامه‌نوسانى گوت، پێشتر قسه‌یان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته كردووه.