کوردستان

05:23 - 21/09/2019

عه‌ره‌ب و توركمان داواى گۆڕینى ناوى لیستى لایه‌نه‌ كوردییه‌كان ده‌كه‌ن‌

پەیسەر

پێكهاته‌كانى كه‌ركوك(عه‌ره‌ب و توركمانه‌كان)، له‌ ناوى لیستى لایه‌نه‌ كوردییه‌كان نیگه‌رانن و داوایان له‌ كۆمسیۆن كردووه‌، ناوه‌كه‌ ره‌تبكاته‌وه‌. كه‌  ناوى (كه‌ركوك كوردستانییه‌).

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، عه‌ره‌ب و توركمانه‌كانى كه‌ركوك، داوایان له‌لقى كه‌ركوك-ى كۆمسیۆن كردووه‌، ناوى لیستى(كه‌ركوك كوردستانییه‌) ره‌تبكاته‌وه‌، چونكه‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان به‌وناوه‌ بڕیاریان داوه‌ كه‌ كه‌ركوك هى كورده‌.

عه‌ره‌ب و توركمانه‌كان داوایانكردووه‌، لایه‌نه‌ كوردییه‌كان ناوێك هه‌ڵبژێرن كه‌ له‌گه‌ڵ پێكه‌وه‌ژیان له‌شاره‌كه‌ بگونجێت و ئاماژه‌ى نه‌ته‌وه‌په‌رستى و ره‌گه‌زپه‌رستى تێدا نه‌بێت.

له‌لایه‌كه‌ى دیكه‌وه‌، دواى دروستبوونى گرژى له‌نێوان یه‌كێتى و پارتى-دا، له‌سه‌ر رووداوى رێگرى له‌ مه‌حمود سه‌نگاوى له‌چوونى بۆ هه‌ولێر، لایه‌نه‌كانى دیكه‌ى نێو لیستى كوردستانى، گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو، هه‌وڵه‌كانیان چڕكردووه‌ته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى لیتى كه‌ركوكى كوردستانى هه‌ڵنه‌وه‌شێته‌وه‌و كێشه‌ى بۆ درووستنه‌بێت.

لایه‌نه‌ كوردییه‌كان ناوى لیستێكیان بۆ به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌كانى كه‌ركوك راگه‌یاندووه‌، به‌ناوى (لیستى كه‌ركوك كوردستانییه‌)، بڕیاربوو ئه‌مڕۆشه‌ممه‌ كۆبوونه‌وه‌ى لایه‌نه‌ كوردییه‌كان بكرێت له‌سه‌ر لیسته‌كه‌، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌كه‌ دواخرا.