کوردستان

04:59 - 21/09/2019

حه‌لبوسى له‌سه‌ر نه‌وت و قه‌رز چى به‌ مه‌سرور بارزانى گوتووه‌؟‌

پەیسەر

محه‌مه‌د حه‌لبوسى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ هه‌ولێر نیگه‌رانى خۆى ده‌ربڕیوه‌و به‌ مه‌سرور بارزانى راگه‌یاندووه‌، له‌ ده‌ستووردا نه‌هاتووه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌سه‌ربه‌خۆ نه‌وتى خۆى بفرۆشێت و به‌غداش قه‌رزه‌كانى بۆبداته‌وه‌، ته‌نانه‌ت هه‌رێم رێگه‌ش نادات لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ خه‌رجییه‌كانى بكرێت.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، حه‌لبوسى له‌ مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى پرسیوه‌، ئێوه‌ ده‌تانه‌وێت چۆن كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكه‌ن؟ مه‌سرور بارزانى رایگه‌یاندووه‌،"ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت به‌پێى ده‌ستوور كێشه‌كانمان چاره‌سه‌ربكه‌ین، به‌ڵام پێمان وایه‌ به‌غدا له‌ جێبه‌جێكردنى ده‌ستوور پاشگه‌زبووه‌ته‌وه‌".

محه‌مه‌د حه‌لبوسى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، به‌ سه‌رۆكى حكومه‌تى گوتووه‌، به‌غدا  پاشگه‌زنه‌بووه‌ته‌وه‌ له‌ جێبه‌جێكردنى ده‌ستوور، به‌ڵام له‌ ده‌ستووردا نه‌هاتووه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان قه‌رزبكات و به‌غدا قه‌رزه‌كانى بۆبداته‌وه‌، له‌كاتێكدا هه‌رێمى كوردستان به‌ ویستى خۆى ئابورى سه‌ربه‌خۆى راگه‌یاندووه‌و ماوه‌ى پێنج ساڵ نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان و نه‌وتى كه‌ركوكیشى فرۆشتووه‌.

حه‌لبوسى نیگه‌رانى خۆى گه‌یاندووه‌و گوتویه‌تى، له‌ماوه‌ى رابردوو هه‌رێمى كوردستان بەسەربەخۆ، ٦٥٠ بۆ ٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی رەوانەکردووە، كه‌چى ئێستا بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ده‌كه‌ن قه‌رزدارن و رێگه‌ش ناده‌ن لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ خه‌رجى و داهاته‌كانتان بكرێت، خه‌رجى و داهاته‌كانى ئه‌و ساڵانه‌تان ناشافافه‌، له‌ده‌ستووردا نه‌هاتووه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌سه‌ربه‌خۆو ئازادانه‌ نه‌وتى خۆى بفرۆشێت و به‌غداش قه‌رزه‌كانى بۆبداته‌وه‌.

محه‌مه‌د حه‌لبوسى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو سه‌ردانى هه‌ولێرى كرد، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى حكومه‌ت كۆبووه‌وه‌و سه‌ردانى مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى پارتیشى كرد.