کوردستان

03:13 - 21/09/2019

یه‌كێتى نه‌یتوانى به‌رامبه‌ر رێگرى له‌ مه‌حمود سه‌نگاوى هه‌ڵوێست رابگه‌یه‌نێت‌

پەیسەر

یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان، نه‌یتوانى كاردانه‌وه‌ له‌سه‌ر رێگرى له‌چوونى مه‌حمود سه‌نگاوى بۆ هه‌ولێر رابگه‌یه‌نێت، ئه‌وه‌ش به‌هۆى بوونى ناكۆكى له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ له‌نێو مه‌كته‌بى سیاسى حزبه‌كه‌دا.

مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى رۆژى هه‌ینى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجامدا، كه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بووه‌ به‌پرسى رێگرى له‌چوونى مه‌حمود سه‌نگاوى ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى ئه‌و حیزبه‌، بۆ شارى هه‌ولێر.

هه‌رچه‌نده‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌و پرسه‌، به‌ڵام به‌پێى سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادارى ناو كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ په‌یسه‌رپرێس، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ نه‌توانراوه‌ بڕیار له‌و باره‌وه‌ بدرێت‌و هه‌ڵوێست له‌و باره‌وه‌ رابگه‌یه‌نرێت.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان، هۆكارى نه‌توانینى بڕیاردان له‌و باره‌وه‌ بۆ بوونى ناكۆكى بووه‌ له‌ناو مه‌كته‌بى سیاسى، به‌وه‌ى هه‌ندێك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌بوون، هه‌ڵوێستێكى توند له‌به‌رانبه‌ر پارتى دیموكراتى كوردستان رابگه‌یه‌نن، هه‌ندێكى تریش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نه‌بوون‌و جه‌ختیان كردووه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ى چاوه‌ڕێى ئه‌نجامى لیژنه‌ بكه‌ن.

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو له‌بازگه‌ی نازه‌نین له‌سه‌ر رێگه‌ی سماقۆڵی رێگری له‌مه‌حمود سه‌نگاوی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی كرا بچێته‌ هه‌ولێر، ئه‌وه‌ش كاردانه‌وه‌ی توندی لێكه‌وته‌وه‌و له‌دوای رووداوه‌كه‌ش، وه‌زاره‌تی ناوخۆ روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌و رایگه‌یاند، رێگرییه‌كه‌ به‌رنامه‌ بۆ دارێژراو نه‌بووه‌و له‌باره‌ی هۆكاره‌كه‌شی لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ پێكده‌هێنن.

له‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ی رۆژی هه‌ینی مه‌كته‌بی سیاسی، له‌تیف شێخ عومه‌ر گوته‌بێژی ئه‌و حیزبه‌ روونكردنه‌وه‌ى زۆرى له‌باره‌ى ئه‌و پرسه‌وه‌ نه‌داو ته‌نیا گوتى: ده‌رباره‌ی دۆخی ھه‌رێمی كوردستان قسه‌وباسی جددی كراو، ته‌ئكیدكرایه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌زگاكانی حكومه‌تی ھه‌رێم پێویسته‌ به‌وریاییه‌وه‌، مه‌سئولیه‌تی خۆیان له‌پاراستنی ئه‌من و ئاسایش جێبه‌جێبكه‌ن.