کوردستان

02:17 - 20/09/2019

مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ دواین بڕیار كۆدەبێتەوە‌

پەیسەر

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كۆدەبێتەوە، كە كۆبوونەوەكە لەكاردانەوەی رێگرییە لەمەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ چوونە هەولێر.

بەقسەی سەرچاوەیەكی بەرپرس لەمەكتەبی سیاسی یەكێتی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كۆدەبێتەوەو تێدا پرسی رێگری لەمەحمود سەنگاوی بۆ چوونە هەولێر تاوتوێدەكەن.

رۆژی پێنجشەممە مەحمود سەنگاوی بۆ بەشداریكردن لەكۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی بەرێوەبووە بۆ هەولێرو دوو ئۆتۆمبیلی لەگەڵ بووە، بەڵام دوای گەیشتنی بەبازگەی نازەنین لەسەر رێگەی سماقۆڵی هەولێر پێیوتراوە فەرمانی سەرەوەیان پێیەو ناتوانن رێگەی پێبدەن بچێتە هەولێرەوە.

هەر بەقسەی سەرچاوەكە، دوای ئەوەی رێگری لەمەحمود سەنگاوی كراوە بڕیار دراوە كۆبوونەوەكە بۆ ئێوارەی ئەمڕۆ هەڵگیرێت‌و راسپاردەكان لەكۆبوونەوەكە باس بكرێت‌و بڕیاری كۆتایی لەبارەی بدرێت.

لەبارەی راسپاردەكان، سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس گوتی: نامەیەك ئاراستەی سەركردایەتی پارتی‌و حكومەت كراوەو چاوەڕێی روونكردنەوە دەكەن، كە لەنامەكەدا جەختكراوەتەوە یەكێتی بە هیچ شیوەیەك ئەوە قبوڵ ناكات.

هەروەها بڕیاری ئەوەش دراوە بازگەكانی خۆیان رێگری بكەن لە چوونە ژورەوەی هەموو بەرپرسەكانی پارتی بۆ زۆنی سەوزو لەرۆژی پێنج شەممەشەوە رێگری لە 50 ئۆتۆمبیل كراوە.

سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد، كە بڕیاری ئەوەش دراوە گەر پارتی هەڵوێستی نەبوو، ئامادەش نەبوو داوای لێبوردن بكات یەكێتی لە حكومەت و پەرلەمان بكشێتەوەو پرۆسەی سیاسی هەڵپەسێرێت.

سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكراكرد، هەمان رۆژی رووداوەكە نامەیەكیان ئاراستەی سەرجەم كونسوڵ‌و باڵوێزخانەی وڵاتان لەهەولێرو بەغدا كردووەو دۆخەكەیان بۆ روونكردوونەتەوە.

هەروەها سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش كرد، هەر لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆ تاوتوێی رێككەوتنە سیاسییەكەیان لەگەڵ پارتی دەكەن‌و باسی پرسی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوكیش دەكەن، كە یەكێتی پێشتر لەو بارەوە نیگەرانییەكانی بەپارتی گەیاندووە.