03:12 - 19/09/2019
رێژه‌ى سه‌وزایى له‌هه‌رێمى كوردستان له‌جێى نه‌بوانه
به‌پێى ستانداردى جیهانى بۆ ڕێژه‌ى سه‌وزایى له شوێنى نیشته‌جێبوونى دانیشتووان، ده‌بێت ڕێژه‌كه له‌نێوان سەدا ١٥بۆ ٢٥ بێت، به‌ڵام به‌پێى ئامارى ده‌سته‌ى ژینگه له هه‌رێمى كوردستان ڕێژه‌ى سه‌وزایی له هه‌رێم سەدا ١٠.٥ دەبێت.
به‌پێى ئامارى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى باخچه‌كان له سلێمانى و ئه‌ندازه‌ى پاركه‌كان له هه‌ولێر، ڕێژه‌ى سه‌وزایی له‌ناو شارى سلێمانى سەدا ١٥.٥٦و له هه‌ولێریش سەدا ١٨.٧ دەبێت، له‌دهۆكیش ڕێژه‌كه له‌وه كه‌متره و ناگاتە سەدا ١٢. به‌پێى ئه‌و ئامار و داتایانه‌ى ڕێكخراوى ئاینده بۆ پرسی ژینگه كۆیكردوونه‌ته‌وه، هیچ قه‌زا و ناحیه‌یه‌كى هه‌رێمى كوردستان ئاستى سه‌وزایی تیایدا ناگاته سەدا هەشت.
ڕووبه‌رى دارستان و پاوان و سه‌وزایی له ده‌ره‌وه‌ى شاره‌كان دووملیۆن و ٣٢٧ هەزارو ٣٩٢ دۆنمە
ئاكۆ عه‌بدوڵا، به‌رپرسى ڕاگه‌یاندنى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئه‌ندازه‌ى پاركه‌كان له هه‌ولێر به په‌یسه‌رى گوت، له‌ناو شارى هه‌ولێر ٣٤٥ باخچه و پارك بوونى هه‌یه، كۆى ئه‌و پارك و باخچانهشیان له مه‌ترسى وشكبوون و فه‌وتان پاراستووه، هه‌روه‌ك پلانیشیان هه‌یه له‌گه‌ڵ كۆتایی وه‌رزى گه‌رما، ده‌ستبكه‌ن به زیاتر سه‌وزكردنى شارى هه‌ولێر، ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ریش په‌نجا هه‌زار دره‌ختى تریان چاندووه.
له‌ناو شارى سلێمانیش ٥٦٥باخچه و پارك و بلوار بوونیان هه‌یه، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ى هه‌لێره‌وه زۆرجار رووبه‌ڕووى مه‌ترسى وشكبوون ده‌بنه‌وه. هاوژین عوسمان گوته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى باخچه‌كانى سلێمانى به په‌یسه‌رى ڕاگه‌یاند، سەدا ٩٥ی بوودجهكهیان بۆ گه‌شه‌كردن و چاككردنه‌وه‌ى باخچه‌كان و دروستكردنى باخچه‌ى تازه، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى شاره‌وانییه‌وه وه‌ستاوه،"ڕۆتینات له وه‌زاره‌تى شاره‌وانى زۆره و ئه‌مساڵ بۆ ماوه‌ى مانگێك و ٢١ڕۆژ دابینكردنى تانكه‌ر بۆ ئاوەدانى باخچه‌كان دواكه‌وتبوو، ئه‌مه‌ش بووه‌هۆى زه‌ردبوونى چیمه‌نى باخچه‌كان كه له ئێستادا سه‌وزبوونه‌ته‌وه".
هاوژین ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر بێت و وه‌زاره‌ت بوودجه‌ى پێویستیان بۆ ته‌رخان بكاته‌وه، ده‌ست ده‌كه‌ن به دروستكردنى باخچه‌ى تازه. به‌پێى ئامارێكى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ كه له ساڵى ٢٠١٥ له‌رێگه‌ى مانگى ده‌ستكرده‌وه وه‌رگیراوه، ده‌رده‌كه‌وێت كه ڕووبه‌رى دارستان و پاوان و سه‌وزایی له ده‌ره‌وه‌ى شاره‌كان دووملیۆن و ٣٢٧ هەزارو ٣٩٢ دۆنمە، له‌م ڕیژه‌یه‌ش به‌شى زۆرى دارستانه.
لە ١٠ ساڵى ڕابردوودا له هه‌رێمى كوردستان، نزیكه‌ی یەک ملیۆن دۆنم پووش و پاوان و دارستان سوتاوه
حسێن حه‌مه كه‌ریم، گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو له هه‌رێمی کوردستان بۆ په‌یسه‌ر باسى له‌وه‌كرد، كه پێویستیان به مه‌لایین دۆلاره تاوه‌كو وردتر ڕوپێوى ناوچه دارستانه‌كان بكه‌ن و بزانن چ جۆره دارێك و كام ناوچه‌یه‌ى هه‌رێم دارستانى زۆرتره.
به‌وته‌ى حسێن زیادكردنى سنورى نیشته‌جێبوونى شار و شارۆچكه‌كان و به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌ى گه‌رمى و گۆڕینى ڕه‌گه‌زى زه‌وییه‌كان به‌هۆى وه‌به‌رهێنانه‌وه، هه‌روه‌ها سوتانى دارستانه‌كان، كاریگه‌رییان له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ى رێژه‌ى سه‌وزایی له هه‌رێم دروستكردووه.
ئه‌و به‌رپرسه‌ى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ ده‌شڵێت، خه‌ریكى دانانى پلانى چوار ساڵه‌ی وهزارهتهكهیانن بۆ زیادكردنى سه‌وزایی و پاراستنى دارستانه‌كان. له ماوه‌ى ١٠ ساڵى ڕابردوودا له هه‌رێمى كوردستان، نزیكه‌ی یەک ملیۆن دۆنم پووش و پاوان و دارستان سوتاوه، ئه‌و ناوچانه‌ى هه‌رێمى كوردستانیش كه له‌ژێر ده‌ستى هێزه‌كانى پارتى كرێكارانى كوردستاندایه و ڕووبهرهكهى١٠هەزارو ٤٥٢ دۆنم چوارگۆشەیە، له سەدا ٨٠ی رووبه‌رى دارستان و پووشوپاوانى زیاد له جارێك به‌هۆى فرۆكه جه‌نگییه‌كانى توركیاوه سوتێندراوه.
مارف مه‌جید سه‌رۆكى ڕێكخراوى ئاینده بۆ پرسى ژینگه، به په‌یسه‌رى ڕاگه‌یاند، گه‌وره‌ترین مه‌ترسى له‌سه‌ر سه‌وزایی له هه‌رێمى كوردستان، وشكبوونى دارودرهختهكانه به‌هۆى كه‌م ئاوییه‌وه.
له كارنامه‌ى هیچ حیزبێكدا گرنگى به پرسی ژینگه نه‌دراوه
به‌گوته‌ى مارف، به‌ته‌نها له ساڵه‌كانى ٢٠١٦ و ٢٠١٧، دووهه‌زار دارى به ته‌مه‌ن به‌هۆى كهمئاویهوه له‌ناو شارى سلێمانى له‌ناوچوون، پێشیوایه حكومه‌ت پلانى نییه بۆ سه‌وزكردنى شاره‌كان و گرنگیدان به ژینگه‌ى هه‌رێم، به‌گوته‌ى ئه‌و، له كارنامه‌ى هیچ حیزبێكدا گرنگى به پرسی ژینگه نه‌دراوه و هه‌ر ئه‌و حیزبانهشن كه حكومه‌تیان پێكهێناوه.
په‌رله‌مانتارێكیش ڕه‌خنه له حكومه‌ت ده‌گرێت، كه پلانى نییه بۆ ئه‌وه‌ى ڕێژه‌یی سه‌وزایی له شار و شارۆچكه‌كان زیاد بكات. رزگار محەمەد په‌رله‌مانتار و ئه‌ندامى لیژنه شاره‌وانییه‌كان له په‌رله‌مانى كوردستان به په‌یسه‌ری گوت، هه‌وڵده‌ده‌ن چه‌ند یاسایه‌ك ده‌ربكه‌ن له‌م خوله‌ى په‌رله‌مان به‌مه‌به‌ستى زیاتر خزمه‌تكردنى ژینگه و زیادكردنى ڕێژه‌یی سه‌وزایی و كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌و مه‌ترسیانه‌ى به‌هۆى پیسبوونى ژینگه‌وه دروستده‌بن.