کوردستان

07:15 - 18/09/2019

نێوانى كۆسره‌ت ره‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵح ساردى زیاترى تێده‌كه‌وێت‌

پەیسەر

كۆسره‌ت ره‌سوڵ جێگرى یه‌كه‌مى سكرتێرى گشتى یه‌كێتى، به‌دووهۆكار له‌ به‌رهه‌م ساڵح نیگه‌رانه‌. هه‌ماهه‌نگى ماڵى تاڵه‌بانى و مه‌لابه‌ختیار و به‌رهه‌م ساڵح زیاتربووه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، كۆسره‌ت ره‌سوڵ چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌بووه‌ به‌رهه‌م ساڵح پێش كۆتاییهێنان به‌سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ سلێمانی، سه‌ردانی بكات و ناوه‌رۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ مه‌لابه‌ختیار و بافڵ تاڵه‌بانى و ئاشتبوونه‌وه‌كه‌ی ٦-٩-٢٠١٩ی له‌گه‌ڵ مه‌لابه‌ختیار بخاته‌ڕوو، به‌ڵام به‌رهه‌م ساڵح سه‌ردانی كۆسره‌ت ره‌سوڵ-ی نه‌كردووه‌.

جگه‌ له‌وه‌ش، كۆسره‌ت ره‌سوڵ چاوه‌رێ بووه‌ به‌رهه‌م ساڵح پێش سه‌ردانی شاری هه‌ولێر، سه‌ردانه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ تاوتوێ بكات، به‌ڵام به‌رهه‌م ساڵح ئه‌وه‌ی نه‌كردووه‌، هه‌روه‌ها بافڵ تاڵه‌بانی به‌پشتیوانی به‌رهه‌م ساڵح سه‌ردانی به‌غدادی كردو ١٥ی ئه‌م مانگه‌ش له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كۆبووه‌وه‌، به‌ناوی یه‌كێتی-یه‌وه‌ به‌بێ وه‌رگرتنی رای كۆسره‌ت ره‌سوڵ، پرۆژه‌یه‌كی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی هه‌رێم و به‌غداد خستووه‌ته‌ڕوو.

هه‌روه‌ها به‌رهه‌م ساڵح پێش ئه‌وه‌ی سه‌ردانى هه‌ولێر بكات، له‌به‌غداد چاوی به‌ بافڵ تاڵه‌بانی كه‌وتووه‌و سه‌ردانه‌كه‌ى هه‌ولێرى له‌گه‌ڵ تاووتوێكردووه‌. كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌و هه‌نگاوانه‌ ئاگادارنه‌بووه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت،  ئه‌وه‌ سه‌ره‌تای رێككه‌وتنی ماڵی تاڵه‌بانی و به‌رهه‌م ساڵح و مه‌لابه‌ختیاره‌، كه‌ تا كۆتایی كۆنگره‌ی داهاتوو به‌رده‌وام ده‌بێت. كۆسره‌ت ره‌سوڵ پێیوایه‌ له‌م هه‌نگاوانه‌ی ئه‌م دواییانه‌ په‌راوێزخراوه‌.