04:24 - 18/09/2019
پەیسەر ئامانجی سەردانەكەی بەرهەم ساڵح بۆ هەولێر ئاشكرا دەكات
بەشێك لەگفتوگۆكانی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق و جێگری سكرتێری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، پرسی كۆنگرەی داهاتووی یەكێتیە و دەیەوێت پشتیوانی پارتی مسۆگەر بكات.
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس، لەسەردانەكەیدا بۆ هەولێر بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق و لەسەر سێ ئاست گفتوگۆ دەكات ئاستی كێشەكانی هەرێم و بەغداد دەربارەی موچەی و نەوت و غاز و پێشمەرگە و ناوچەجێناكۆكەكان، هەروەها ئاستی دووەم كێشەكانی یەكێتی و پارتی دەربارەی پرسی پارێزگاری كەركوك و نوسینەوەی دەستور و دروستكردنی ئەنجومەنێك بۆ پارتە سیاسیەكان، هەروەها دەسەڵاتی بەرپرسانی یەكێتی لەحكومەت و پركردنەوەی پشكەكانی یەكێتی لەكابینەی نۆیەم.
هەرچی دەربارەی تەوەری سێیەمەو بەپێی زانیارییەكان، تایبەت دەبێت بە بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی و بۆ ئەو مەبەستە بەرهەم ساڵح دەیەوێت پشتیوانی پارتی بۆ كۆنگرەی چوارەم مسۆگەر بكات بەتایبەتیش كە لەئێستادا پارتی بە ناراستەوخۆ زیاتر پشتیوانی لەكۆسرەت رەسوڵ دەكات.
ئێوارەی دوێنێ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق گەیشتە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم پێشوازیكرا و ئەمرۆش لەگەڵ مەسرور بارزانی كۆبۆوە بڕیاریشە پێش ئەوەی كۆتایی بەسەردانەكەی بهێنێت لەگەڵ مەسعود بارزانی كۆبێتەوە.
جگە لەوە سەرۆك كۆمار لەگەڵ ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی و ئەمینداری گشتی یەكگرتووش كۆدەبێتەوە و دواتر دێتە سلێمانی و بڕیارە لەگەڵ رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆران كۆببێتەوە.