03:43 - 18/09/2019
چەند زانیارییەك لەسەر عەلوە نوێكەی سلێمانی
عەلوەی نوێی سلێمانی مۆڵەتی دروستكردنی نییە و ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگاش دەڵێت، داوای ژمارەیەك بەڵگەیان كردووە و دوای ئەوە داوای راگرتنی دەكەن.
رێبوار ئەحمەد مەولود ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەپەیسەرپرێسی راگەیاند، هەر پرۆژەیەك كەدەكرێت دەبێت مۆڵەتی هەبێت، ئەم پرۆژەیە كە 70%ی كارەكانی تەواوبووە، بەڵام تائێستا مۆڵەتی هیچ شوێنێكی نیە.
گوتیشی: ئەو پرۆژەیە پرۆژەیەكی وەبەرهێنانە، بەڵام بەرێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی دەڵێت مۆڵەتی نیە، دەشپرسێت ئەگەر مۆڵەتی نیە چۆن 70%ی كارەكانی تەواوكردووە.
رێبوار ئەحمەد مەولود لەبارەی نەبوونی مۆڵەتی عەلوە نوێكەوە ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات كە ئەوان ساڵی 2016 ش كاریان لەسەر ئەو پرۆژەیەكرد كە مۆڵەتی نیە و ئەوكاتە 45%ی كارەكانی تەواو ببوو، بەرێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی نوسراوی كردووە بۆ فەرمانگەپەیوەندیدارەكان بۆ ئەوەی مۆڵەت بەو پرۆژەیە بدرێت.
سەبارە بە بۆچوونی فەرمانگەی ژینگە لەسەر كردنەوەی عەڵوەكە، رێبوار ئەحمەد ئاشكرایدەكات كە فەرمانگەی ژینگەی سلێمانیش تەئیكیدیان لەوەكردوەتەوە تا ئێستا مۆڵەت بۆ پڕۆژەكە وەرنەگیراوە.
جگە لەنەبوونی مۆڵەت بۆ كردنەوەی پڕۆژەكە، كێشەیەكی دیكەی عەلوە نوێكەی سلێمانی، نەبوونی مەرجی تەندروستییە و لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانیش كە دوێنێ ( دووشەممە) بەڕێوەچوو، نوێنەرایەتی بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لەكۆبونەوەكەی دوێنێ بەشدار بوو گوتیان ئەم پرۆژەیە تەپ و تۆزی زۆری كارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجەی لەسەر دەنیشێت چونكە تەنها 600 مەتر لەیەكتر دوورن.
بەهەمان شێوە رێبوار ئەحمەد دەڵێت، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوای لەبەرێوەبەرایەتی وەبەرهێنان و لەژینگە كردووە سەرجەم بەرایەكانی ئەوپرۆژەیان بۆ بنێرن و دوای گەیشتنی بەڵگەكان داوای راگرتنی ئەو پرۆژەیە دەكەن.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، نوێنەری بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لەكۆبونەوەكەی دوێنێی ئەنجومەنی پارێزگا رایگەیاند, ئەوان راپۆرتی خۆیان دەبێت لەسەر ئەو پرۆژەیە داوە و پێیان وایە كە بەهیچ شێوەیەك نابێت ئەو كارگەی چیمەنتۆیە و ئەو عەلوەیە هەردووكیان بەیەكەوە لەو شوێنەبن.