کوردستان

04:23 - 17/09/2019

یه‌كێتی له‌كه‌ركوك لیستی هاوبه‌شی ده‌وێت و پارتیش له‌نه‌ینه‌وا‌

پەیسەر

یه‌كێتی له‌كه‌ركوك داوای یه‌ك لیستی له‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان ده‌كات، ده‌یه‌وێت نه‌وه‌ى نوێ و سۆسیالیست به‌شداربن له‌و لیسته‌. پارتیش هه‌مان داواكاری بۆ نه‌ینه‌وا هه‌یه‌، به‌ڵام ئێستا له‌هه‌ردوو پارێزگاكه‌ له‌سه‌ر لیستى هاوبه‌ش رێكنه‌كه‌وتوون.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان هه‌وڵه‌كانی بۆ یه‌ك لیستی لایه‌نه‌كوردییه‌كان چڕكردووه‌ته‌وه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا، رزگار عه‌لی سه‌ردانی ئۆفیسی سه‌ره‌كی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێی كرد، بڕیاریشه‌ بۆ هه‌مان مه‌به‌ست، سه‌ردانی حزبی سۆسیالیست بكات.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، له‌سه‌ر هه‌مان داواكاری یه‌كێتی داوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌پارتی كردووه‌، به‌ڵام پارتی داواكاری كۆبوونه‌وه‌ی ره‌تكردووه‌ته‌وه‌، ناشیه‌وێت له‌گه‌ڵ یه‌كێتی له‌كه‌ركوك به‌یه‌ك لیست به‌شداری بكات.

به‌پێی زانیارییه‌كانی سه‌رچاوه‌كه‌، پارتی پێیوایه‌ روداوه‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر، زیانی به‌پێگه‌ی یه‌كێتی له‌كه‌ركوك گه‌یاندووه‌و به‌شداریكردنی پارتی به‌لیستی جیا، له‌به‌رژه‌وه‌ندی پارتی ده‌بێت.

سه‌باره‌ت به‌ پارێزگای نه‌ینه‌واش، دۆخه‌كه‌ پێچه‌وانه‌یه‌ و پارتی داوای یه‌ك لیستی ده‌كات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌سنوری پارێزگاكه‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك پارتی كوردی ده‌ستی به‌گفتوگۆكردووه‌.