کوردستان

03:56 - 17/09/2019

وه‌زیره‌كانی یه‌كێتی له‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت نیگه‌رانن‌

پەیسەر


وه‌زیره‌كانی یه‌كێتی له‌كابینه‌ی نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، نیگه‌رانن و پێیان وایه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت رێگریان لێده‌كات، له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ش نیگه‌رانییه‌كانى خۆیان له‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت، به‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتى گه‌یاندووه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، وه‌زیره‌كانی یه‌كێتی له‌كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌ت، یاداشتێكیان داوه‌ته‌ سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌یان، تێیدا نیگه‌رانی خۆیان له‌چۆنێتی هه‌ڵسوكه‌وتی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ت پیشانداوه‌.

وه‌زیره‌كانى یه‌كێتى له‌ یاداشته‌كه‌دا ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه‌، سه‌رۆكى حكومه‌ت جیاوازی له‌نێوان وه‌زیره‌كانی پارتی و یه‌كێتی ده‌كات، ئاسته‌نگیان بۆ دروستده‌كات و یارمه‌تیده‌ری جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كانیان نیه‌. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر تائێستا سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌، هیچ هه‌ڵوێستێكی پیشان نه‌داوه‌.

پێشتریش قوباد تاڵه‌بانی جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت، به‌فه‌رمی سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌ی له‌سنورداركردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی له‌لایه‌ن مه‌سرور بارزانی-یه‌وه‌ ئاگاداركرده‌وه‌، یه‌كێتی له‌م كابینه‌یه‌ی حكومه‌ت وه‌زیره‌كانی پێشمه‌رگه‌، خوێندنی باڵا، كشتوكاڵ، رۆشنبیری، پلاندانان و وه‌زیرێكى هه‌رێمی هه‌یه‌.