کوردستان

03:35 - 17/09/2019

ده‌نگدانی یه‌كگرتوو به‌ پارێزگاری هه‌ولێر نیگه‌رانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌‌

پەیسەر

ده‌نگدانی ئه‌ندامانی یه‌كگرتوو له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر، به‌ فرسه‌ت سۆفى پارێزگاری نوێی هه‌ولێر، كاردانه‌وه‌ و ناڕه‌زایه‌تی ناوخۆیى له‌نێو حزبه‌كه‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، ده‌نگدانی ئه‌ندامه‌كه‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی به‌ فرسه‌ت سۆفی، كاردانه‌وه‌ و ناڕه‌زایه‌تی و نیگه‌رانی به‌شێك له‌ئه‌ندامانی یه‌كگرتووی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌، پێیان وایه‌ ناكرێت ئه‌وان له‌حكومه‌تی هه‌رێم ئۆپۆزسیۆن بن، به‌ڵام له‌حكومه‌تی خۆجێی هه‌ولێر ده‌نگ به‌پارێزگار بده‌ن.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، ئه‌وه‌ی زیاتر نیگه‌رانییه‌كه‌ی زیادكردووه‌، ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی پێشوو له‌نێوان فراكسیۆنی خزمه‌ت و فراكسیۆنی پارتی له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌كان هه‌بووه‌ جێبه‌جێنه‌كراوه‌، بۆیه‌ ده‌بوو ده‌نگیان به‌ پارێزگاری نوێ نه‌دایه‌.

له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر، پارتی ١٢كورسی و یه‌كێتی شەش كورسی و بزوتنه‌وه‌ی گۆران چوار كورسی و كۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌كگرتووی ئیسلامی پێکەوە سێ كورسییان هه‌یه‌، ئاشوری و توركمانه‌كان پێنج كورسیان هه‌یه‌.

رۆژی ١٢ی ئه‌م مانگه‌، فرسه‌ت سۆفی به‌ ٢٧  ده‌نگ له‌كۆی ٢٨ ده‌نگی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر، به‌پارێزگاری نوێی شاره‌كه‌ هه‌ڵبژێردرا، یه‌كگرتووی ئیسلامی ده‌نگی پێدا و كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌نگی پێنه‌دا.