04:49 - 16/09/2019
هه‌ڵه‌بجه بۆ سه‌ردانى به‌غدا چاوه‌ڕێى مۆڵه‌تى هه‌ولێره
بڕیاره له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا شاندێكی پارێزگای كرماشان-ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان سه‌ردانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه بكات، جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه رایده‌گه‌یه‌نێت، نوسراوى ره‌زامه‌ندى ئێران-یان بۆ به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنى سێ ده‌روازه‌ى سنورى پێگه‌یشتووه، كه دوو ده‌روازه‌یان له هه‌ڵه‌بجه‌یه. بۆ سه‌ردانى به‌غداش چاوه‌ڕێى مۆڵه‌تى حكومه‌تى هه‌رێم تا به‌دواداچوون بۆ كردنه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان بكرێت.
پارێزگاری كرماشان دێته هه‌ڵه‌بجه
كاوه عه‌لی جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه، به په‌یسه‌رپرێس-ی راگه‌یاند، نوسراوی كۆماری ئیسلامی ئێران-ی به‌ده‌ستگه‌یشتووه كه‌تایبه‌ته به به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی چه‌ند سێ مه‌رزێكى هه‌رێم كه بریتین له (پشته، ته‌وێڵه و كێلێ)، دوو له‌و مه‌رزانه ده‌كه‌ونه سنوری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه. جێگری پارێزگار نوسراوه‌كه‌ی ناردووه بۆ عه‌مید سالار به‌ڕێوه‌به‌ری پاسپۆرتی سلێمانی، كه ئه‌ندامی ده‌سته‌ی ده‌روازه‌سنورییه‌كانی عێراق و نوێنه‌ری هه‌رێمه و بڕیاره ئه‌ویش به‌دواداچوونی بۆبكات.
كاوه عه‌لی راشیگه‌یاند، باڵیۆزخانه‌ی ئێران له‌به‌غداد و كونسوڵخانه‌ی ئێران له‌سه‌رخه‌تن بۆ ته‌واوكردنى رێوشوێنه‌كان، بڕیاره له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا پارێزگاری كرماشان-ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، بۆ پرسی ده‌روازه سنورییه‌كان سه‌ردانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه بكات، به‌ڵام رۆژه‌كه دیارینه‌كراوه.
بۆ سه‌ردانى به‌غدا هه‌ڵه‌بجه چاوه‌ڕێى حكومه‌تى هه‌رێمه
ماوه‌یه‌كى زۆره شاندى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه ده‌یانه‌وێت سه‌ردانی به‌غداد بكه‌ن، به‌ڵام له‌رابردوودا به‌هۆی كێشه‌ی دانه‌نانی وه‌زیری ناوخۆی عێراق، نه‌یانتوانیوه سه‌ردانی به‌غداد بكه‌ن، زۆرینه‌ی پرسه‌كانیشیان په‌یوه‌ندی به‌وه‌زیری ناوخۆی عێراق-ه‌وه هه‌یه.
پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم قسه‌ی كردووه، نوسراویان ئاماده‌كردووه بۆئه‌وه‌ی له‌به‌غداد گفتوگۆ چه‌ند دۆسیه‌یه‌ك بكه‌ن، ئه‌وانیش پرسی مه‌رزه‌كان و هه‌روه‌ها ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییانه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ فه‌رمانی بۆ ده‌ركردوون، تائێستا پێكنه‌هاتوونو چوار بۆ پێنج به‌رێوه‌به‌رایه‌تین، هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی بازرگانی كه ده‌بێت شه‌ش به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی له‌پارێزگای هه‌ڵه‌بجه بكاته‌وه، تائێستا دوانیان كراونه‌ته‌وه سه‌باره‌ت به پسوڵه‌ی خۆراك دراوه به‌ته‌نده‌ر، به‌گوته‌ى پارێزگار به‌ڵێنی ئه‌وه‌دراوه كه ناوی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ی له‌سه‌ربێت.
سه‌باره‌ت به‌كۆمسیۆن، ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، لقی سلێمانی كۆمسیۆنیان ئاگاداركردووه كه ده‌ست بكه‌ن به‌رێكاره‌كانی جیاكردنه‌وه‌ی لقی هه‌ڵه‌بجه‌ی كۆمسیۆن، بۆئه‌وه‌ی كۆدی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه جیابكرێته‌وه له‌پارێزگای سلێمانی. كاوه عه‌لى ده‌ڵێت، ئه‌وان ده‌یانه‌وێت بۆ چه‌ند پرسێكی سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵه‌بجه سه‌ردانی به‌غداد بكه‌ن، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی ناوخۆ ره‌زامه‌ندبن و ئاگاداریان بكه‌نه‌وه، ئه‌و كاته سه‌ردانه‌كه ده‌كه‌ن.
دووپرۆژه‌ى به‌غداد له هه‌ڵه‌بجه‌و سه‌یدسادق
له بوودجه‌ی ئه‌مساڵدا بڕه‌پاره‌یه‌ك له‌بوودجه‌ی عێراق بۆ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه و قه‌زای سه‌یدسادق ته‌رخانكراوه، كاوه عه‌لى ده‌ڵێت، ئه‌وان له‌و ماوه‌یه‌دا له‌رێگه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه، ده‌رخسته‌ی پرۆژه‌كانی هه‌ڵه‌بجه و سه‌یدسادق-یان، ره‌وانه‌ی وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه كردووه و وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ش ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ری ده‌ربڕیوه، ده‌رخسته‌كه‌ی ره‌وانه‌ی وه‌زاره‌تی پلاندانان كردووه و ئه‌ویش ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر پیشانداوه و ره‌وانه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی كراوه‌ته‌وه ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تی دارایی عێراق، وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه رابسپێرێت بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌وه له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ده‌چێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه. به‌گوته‌ى جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه:"پاره‌كه‌ی هه‌ڵەبجه بۆ ته‌واوكردنی ناوچه‌ی پیشه‌سازی و له‌سه‌یدسادق بۆ خزمه‌تگوزاری له‌گه‌ره‌كی به‌ركێو ته‌رخانكراوه".