کوردستان

08:28 - 15/09/2019

سیناریۆیه‌كى نوێ بۆ به‌ڕێوه‌بردنى یه‌كێتى پێشكه‌شده‌كرێت‌

پەیسەر


ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، سیناریۆیه‌كی ته‌وافوقیی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كێتی ده‌خه‌نه‌ڕوو، په‌یسه‌رپرێس ناوه‌رۆكه‌كه‌ی ئاشكرا ده‌كات.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی سیناریۆیه‌كی ته‌وافوقیان بۆ به‌رێوه‌بردنی یه‌كێتی خستۆته‌ڕوو، كه‌خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ پێكهاته‌ی یه‌كێتی وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه‌، به‌رهه‌م ساڵح بكرێته‌ سكرتێری گشتی، بافڵ تاڵه‌بانی و شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سوڵ بكرێنه‌ جێگرانی سكرتێری گشتی، به‌ڵام هیچیان جێگری یه‌كه‌م و ئه‌وی تریان جێگری دووه‌م نه‌بێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، به‌پێی پرۆژه‌كه‌ به‌رهه‌م ساڵح كاروباری په‌یوه‌ندیه‌كانی یه‌كێتی له‌به‌غداد و له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئه‌وروپی و ئه‌مریكا رێكبخات، بافڵ تاڵه‌بانی كاروباری دارایی و ئیداری ناوخۆی حزب له‌پارێزگای سلێمانی وهه‌ڵەبجه‌ و كاروباری پۆسته‌كانی یه‌كێتی له‌ئیداره‌ی پێشووی سلێمانی له‌حكومه‌ت یه‌كلایی بكاته‌وه‌ و چاودێری كاره‌كانیان بكات.

بەپێی پرۆژەکە، شاڵاوكۆسره‌ت ره‌سوڵ كاروباری یه‌كێتی له‌ئیداره‌ی پێشووی هه‌ولێر به‌رێوه‌دەبات و سەرپەرشتی دەکات وەک جێگری سکرتێر، سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت كۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌و سیناریۆیه‌ رازی بووه‌، به‌ڵام داوایكردووه‌ مادام دارایی یه‌كێتی له‌ژێر ده‌ستی بافڵ دا ده‌بێت، ئه‌وه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌بێت له‌ژێرده‌ستی شاڵاو دابێت.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، ئه‌م سیناریۆیه‌ كه‌ به‌رهه‌م ساڵح پێی رازییه‌، به‌جۆرێكه‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌ناو یه‌كێتی هیچ پۆستێكی نابێت، به‌ڵام وه‌ك مه‌رجه‌ع له‌ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ده‌مێنێته‌وه‌.

بڕیاره‌ ٧ی١٢ی ئه‌مساڵ، كۆنگره‌ى چوارى یه‌كێتى به‌ڕێوه‌بچێت، باڵه‌ جیاوازه‌كانى حزبه‌كه‌ تا ئێستا رێكنه‌كه‌وتوون له‌سه‌ر چۆنێتى كۆنگره‌كه‌، ماڵى تاڵه‌بانى نایانه‌وێت رێككه‌وتنى پێشوه‌خت بكرێت.