کوردستان

10:54 - 14/12/2018

پەیسەرپرێس ئامانجی سەردانەكەی محەمەد حەلبوسی بۆ هەرێم ئاشكرا دەكات‌

پەیسەر

سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ نێوەندگیری لەنێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، دەربارەی پۆستی وەزیری داد و گەیاندنی پەیامێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە.

 
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكەوە، دەستی كەوتووە، محەمەد حەلبوسی بۆ نێوەندگیری لە نێوان یەكێتی و پارتی دەربارەی پۆستی وەزیری دادی عێراق و گەیاندنی پەیامێكی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق هاتۆتە هەرێم و بڕیار وایە لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و بەرپرسانی باڵای یەكێتی كۆببێتەوە.

سەبارەت بە پەیامەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرچاوەكە دەڵێت: سەرۆك وەزیرانی عێراق لەرێگەی حەلبوسیەوە پەیامێكی ئاراستەی لایەنە كوردستانیەكان بەتایبەتیش یەكێتی و پارتی كردووە، كێشەكانی ناوخۆیان چارەسەر بكەن و لەسەر كاندیدێك رێكبكەون، هەوڵیش نەدەن كێشەكانی هەرێم بهێننە بەغداد.

بەپێی زانیاریەكان حەلبوسی دوای گەرانەوەی بۆ بەغدا لەگەڵ موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدریش كۆدەبێتەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ كوتلە شیعیەكانی تر لەسەر وەزیری ناوخۆ بگەنە رێككەوتن.
بڕیارە 18ی ئەم مانگە ئەنجومەنی نوێنەران كۆببێتەوە تا ئێستاش دیارنیە  كە دەنگدان لەسەر كاندیدەكان دەدرێت یان نا.