کوردستان

11:11 - 15/09/2019

لیژنه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ یه‌كه‌م دانیشتنى له‌گه‌ڵ مه‌لا به‌ختیار ئه‌نجامدا‌

پەیسەر

ئه‌و لیژنه‌یه‌ى بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌مه‌لا به‌ختیار پێكهێنراوه‌، یه‌كه‌م دانیشتنیان له‌گه‌ڵ ئه‌نجامداوه‌و داواى بێده‌نگییان لێكردووه‌.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادارەوە ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتووه‌، له‌چه‌ند رۆژى رابردوو لیژنه‌ی لێكۆڵینەوەى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى، له‌گه‌ڵ مه‌لا به‌ختیار دانیشتنێكیان ئه‌نجامداوه‌.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كانى سه‌رچاوه‌کە، لیژنه‌كه‌ له‌باره‌ى ره‌خنه‌كان قسه‌یان له‌گه‌ڵ مه‌لا به‌ختیار كردووه‌و داوایان لێكردووه‌، چیتر ره‌خنه‌كانى له‌یه‌كێتى له‌رێگه‌ى میدیاو گوتاره‌كانیەوە نه‌بێت، به‌ڵكو هه‌ر ره‌خنه‌یه‌كى هه‌یه‌ ده‌بێت له‌رێگه‌ى ئۆرگانه‌ فه‌رمییه‌كانه‌وه‌ بیگه‌یه‌نێت.

ماوه‌ى رابردوو، له‌سه‌ر پێشنیازى لاهور شێخ جه‌نگى ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى ناوه‌ندى یه‌كێتى، مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى لیژنه‌یه‌كى بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌مه‌لا به‌ختیار پێكهێناو بڕیاره‌ لیژنه‌كه‌، له‌سه‌ر چه‌ند دۆسیەیه‌ك لێكۆڵینه‌وه‌ی لەگەڵ بكات.

مه‌لا به‌ختیار ماوه‌ى دوو ساڵ ده‌بێت له‌یه‌كێتى نیگه‌رانه‌، به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كانى مه‌كته‌بى سیاسى‌ و سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى نه‌كردووه‌، له‌و ماوه‌یه‌ش له‌زۆربه‌ى ده‌ركه‌وتنه‌كانى ره‌خنه‌ى له‌سیاسه‌ته‌كانى یه‌كێتى‌ و به‌رپرسه‌كانى گرتووه‌.