کوردستان

04:31 - 14/09/2019

وه‌ڵامى پارتى بۆ یه‌كێتى سه‌باره‌ت به‌ گۆڕینى پارێزگارى سلێمانى‌

پەیسەر

پارتی دیموكراتى كوردستان، سه‌باره‌ت به‌ لابردنى پارێزگارى سلێمانى وه‌ڵامى داواكارى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان ده‌داته‌وه‌، دوو سیناریۆ ده‌خاته‌ به‌رده‌م ئه‌و حزبه‌ بۆ سه‌رله‌نوێ دابه‌شكردنى پۆسته‌كانى سنورى سلێمانى.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، له‌ماوه‌ی رابردوودا یه‌كێتی پرسی وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی پارێزگاری سلێمانی له‌گه‌ڵ پارتی باسكردووه‌، به‌ڵام پارتی دووپێشنیاریان هه‌بووه‌، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ رێككه‌وتنێكی سێ قۆڵی (گۆڕان، پارتی، یه‌كێتی)بكرێت بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌كان له‌سه‌رتاسه‌ری پارێزگاكان به‌پێی به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردن، سیناریۆى دووه‌میش ئه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنى سێ قۆڵى ناكرێت، یه‌كێتى و گۆڕان پابه‌ندبن به‌رێككه‌وتنی دووقۆڵییان ده‌رباره‌ی دابه‌شكردنی پۆسته‌كان.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، پارتی له‌م قۆناغه‌دا پشتیوانی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری سلێمانی ناكات، به‌ڵام خواستی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ رێككه‌وتنێكی سێ قۆڵی بكرێت، كه‌ به‌شداری پارتی له‌سنوری ئیداره‌كانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌رمیان و راپه‌ڕین مسۆگه‌ربكات.

یه‌كێتى له‌دواى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌، كار بۆ گۆڕینى پارێزگارى سلێمانى ده‌كات، حزبه‌كه‌ پلانى وابوو له‌رێگه‌ى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ته‌وه‌ ئه‌و كاره‌بكات، به‌ڵام قوباد تاڵه‌بانى ئێستا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى لێوه‌رگیراوه‌ته‌وه‌.