کوردستان

04:18 - 14/09/2019

كۆسره‌ت ره‌سوڵ سیناریۆیه‌ك بۆ به‌ڕێوه‌بردنى یه‌كێتى پێشكه‌شده‌كات‌

پەیسەر


كۆسره‌ت ره‌سوڵ سیناریۆى هاوسه‌رۆكیى بافڵ تاڵه‌بانى و به‌رهه‌م ساڵح بۆ به‌ڕێوه‌بردنى یه‌كێتى ره‌تده‌كاته‌وه‌، به‌ سه‌ركردایه‌تى هاوبه‌شى سێ قۆڵى رازییه‌، به‌ومه‌رجه‌ى خۆى، یاخود شاڵاو یاخود ده‌ربازى كوڕى یه‌كێك بێت له‌و سێ كه‌سه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، یه‌كێك له‌سیناریۆكانی كۆنگره‌ی داهاتووی یه‌كێتی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سكرتێری گشتی نه‌مێنێت، له‌بری ئه‌وه‌ سیستمی هاوسه‌رۆكیی بێت و هه‌ریه‌ك له‌بافڵ تاڵه‌بانی و به‌رهه‌م ساڵح ببنه‌ هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی كه‌ یه‌كه‌میان بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌ و دووه‌میان بۆ كاروباری دارایی و ئیداری و ناوخۆی بێت.

به‌پێى زانیارییه‌كان كۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌م سیناریۆیه‌ رازى نییه‌، داوای سه‌ركردایه‌تییه‌كی هاوبه‌شی سێ كه‌سی كردووه‌، كه‌ئه‌ویش تێیدا ئه‌ندام بێت یاخود یه‌كێك له‌كوڕه‌كانی بكرێته‌ ئه‌ندامی ئه‌و سه‌ركردایه‌تییه‌ هاوبه‌شه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، بافڵ تاڵه‌بانی به‌و مه‌رجه‌ی كۆسره‌ت ره‌سوڵ رازی نییه‌، به‌ڵام نه‌رمی نواندووه‌ یه‌كێك له‌كوڕه‌كانی كۆسره‌ت ره‌سوڵ، بكرێته‌ جێگری هاوسه‌رۆكیی یه‌كێتی.

بڕیاره‌ رۆژى ٧ی١٢ی ئه‌مساڵ، كۆنگره‌ى چوارى یه‌كێتى به‌ڕێوه‌بچێت، تائێستا باڵه‌ جیاوازه‌كانى حزبه‌كه‌ ته‌وافوقیان نه‌كردووه‌ بۆ كۆنگره‌، هه‌ندێكیان به‌دیاریكراوى ماڵى تاڵه‌بانى كۆنگره‌ى ته‌واوفوقى ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.