کوردستان

03:41 - 14/09/2019

چه‌ند به‌رپرسێكى پارتى داواى هه‌ڵوێست له‌ له‌نێچیرڤان بارزانی ده‌كه‌ن‌

پەیسەر

ئه‌و به‌رپرسانه‌ى پارتی كه‌ له‌ له‌نێچیرڤان بارزانی نزیكن، داواى هه‌ڵوێستى لێده‌كه‌ن، له‌به‌رامبه‌ر گۆڕینی پارێزگاری هه‌ولێر، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، نێچیرڤان بارزانی له‌لایه‌ن به‌رپرسانى باڵه‌كه‌یه‌وه‌ داوایلێكراوه‌، له‌به‌رامبه‌ر گۆڕینی نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێر، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مه‌كته‌بی سیاسی و ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتى هه‌ڵوێستی هه‌بێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ سه‌ره‌تای په‌راوێزخستنیانه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، به‌شێك له‌ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر له‌فراكسیۆنی پارتی، كه‌ له‌نێچیرڤان بارزانییه‌وه‌ نزیكن به‌نیازنه‌بوون ده‌نگ به‌فرسه‌ت سۆفی بده‌ن به‌ڵام دواتر ناچاركراون، به‌هۆیه‌وه‌ فرسه‌ت سۆفی له‌كۆی ٢٨ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ده‌نگی ٢٧ ئه‌ندامی به‌ده‌ستهێنا.

پێشتر نێچیرڤان بارزانى به‌ گۆڕینى پارێزگارى هه‌ولێر رازى نه‌بوو، بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كه‌ لیژنه‌یه‌كى باڵاى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى گفتوگۆى له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ مه‌سرور بارزانى و نێچیرڤان باررزانى كردبوو، به‌ڵام لیژنه‌كه‌ نه‌گه‌یشته‌ ئه‌نجام، دواجار له‌سه‌ر خواستى مه‌سرور بارزانى نه‌وزاد هادى ده‌ستى له‌كاره‌كه‌ى هه‌ڵگرت، به‌یانى ئه‌و رۆژه‌ى كه‌ ده‌ستى له‌كاركێشاوه‌، له‌لێدوانێكدا بۆ ده‌نگى ئه‌مركیا گوتى هیچ شتێكى فه‌رمى نییه‌ بۆ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وەی، به‌ڵام نیوه‌ڕۆى ئه‌ورۆژه‌ ده‌ستیله‌كاركێشایه‌وه‌.