کوردستان

03:27 - 14/09/2019

به‌رهه‌م ساڵح له‌ پێكهاته‌ى لیژنه‌ی ئاماده‌كاری كۆنگره‌ نیگه‌رانه‌‌

پەیسەر

لیژنه‌ی ئاماده‌كاری كۆنگره‌ی یه‌كێتی  نیشتیمانی كوردستان، هیچ ئه‌ندامێكی باڵی به‌رهه‌م ساڵح-ی تێدانییه‌ و له‌نێوان ماڵی تاڵه‌بانی و كۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌شكراوه‌، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانی جێگری دووه‌می سكرتێری گشتی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

لیژنه‌ی ئاماده‌كاری كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتی كه‌  پێكهاتووه‌  له‌( قادرحه‌مه‌جان، دلێر سه‌یدمجید، ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵا، ئه‌رسه‌لان بایز، رزگارعه‌لی، یوسف گۆران) هیچ ئه‌ندامێكی باڵی به‌رهه‌م ساڵح-یان تێدا نییه‌، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ پێشتر بڕیاربووه‌ لیژنه‌ی ئاماده‌كاری كۆنگره‌ له‌نوێنه‌ری هه‌موو باڵه‌جیاوازه‌كان پێكبێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، بڕیاربووه‌ ئه‌ندامێكی باڵی به‌رهه‌م ساڵحیش له‌لیژنه‌ی ئاماده‌كردنی كۆنگره‌ به‌شداربێت، بۆئه‌مه‌ش ناوی هه‌ریه‌ك له‌رێبواركه‌ریم مه‌حمود و ئارامی حه‌مه‌ی مینا هێندراوه‌، به‌ڵام دواتر هیچیان نه‌كراون به‌ ئه‌ندامی لیژنه‌كه‌، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانی به‌رهه‌م ساڵح جێگری دووه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

لیژنه‌ى ئاماده‌كارى كۆنگره‌،  شێوازی هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی كۆنگره‌ دیاریده‌كات، هه‌روه‌ها  باجی به‌شداربوون بۆ ئه‌ندامانی كۆنگره‌ دروستده‌كات، بۆیه‌ لیژنه‌یه‌كی گرنگه‌ بۆ باڵه‌ جیاوازه‌كان به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌، كۆنگره‌ی  ٧ی١٢ی ئەمساڵ، كۆنگره‌ی ته‌وافوقی نه‌بێت.