کوردستان

03:15 - 14/09/2019

مه‌رجى یه‌كێتى بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌‌

پەیسەر


یه‌كێتی نیشتیمانى كوردستان، بۆیه‌كگرتنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ٧٠و ٨٠ى پێشمه‌رگه‌ مه‌رجی هه‌یه‌، داواكارى خۆى راگه‌یاندووه‌، له‌ ئه‌گه‌رى جێبه‌جێكردنى پرۆژه‌ى یه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، یه‌كێتی داوایكردووه‌ ئه‌و لیوایانه‌ی پێشمه‌رگه‌ كه‌ یه‌ك ده‌گرنه‌وه‌، له‌قۆناغی یه‌كه‌مدا فه‌رمانده‌ى لیواكان به‌شێوه‌ی ٥٠ به‌ ٥٠ له‌نێوان یه‌كێتی و پارتیدا دابه‌شبكرێت ئه‌و فه‌رماندانه‌ى كه‌ به‌ر پارتی ده‌كه‌ون جێگره‌كانیان یه‌كێتی بن، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌. ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ خواستی راسته‌قینه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند هێزێكی ده‌ره‌كی و ناوخۆيی هه‌یه‌، بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌.

پێشتر به‌سه‌رپه‌رشتی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی شه‌ڕی دژی داعش، یه‌كێتی و پارتی هێزه‌كانیان له‌چوارچێوه‌ی ١٤ لیوای هاوبه‌ش یه‌كخست، به‌ڵام به‌هۆی رووداوه‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر ئه‌و ١٤ لیوایه‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ و دواتر یه‌كیان گرته‌وه‌.

یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، له‌چوارچێوه‌ی هێزه‌كانی ٧٠ دا ٥٦هه‌زار پێشمه‌رگه‌ی هه‌یه‌، له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و ١٤لیوایه‌ش نزیكه‌ی ٢٠ هه‌زار پێشمه‌رگه‌ی به‌ پشكى خۆى ده‌زانێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، پارتیش ده‌یه‌وێت هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ده‌ستی خۆیدا بمێنێته‌وه‌ هاوشێوه‌ی یه‌كێتی، به‌ڵام یه‌كێتی ترسی هه‌یه‌ له‌یه‌كگرتنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ هێزه‌چه‌كداره‌كانی له‌ده‌ستبدات، له‌كاتێكدا دڵنیاییه‌ پارتی هێزه‌كانی خۆی به‌هه‌ر رێگایه‌ك بێت ده‌هێڵێته‌وه‌.