کوردستان

06:35 - 12/09/2019

سه‌باره‌ت به‌ دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كان به‌غدا وه‌ڵامى هه‌رێمى دایه‌وه‌‌

پەیسەر

حكومه‌تی عێراق، سه‌باره‌ت به‌ داواكارى هه‌رێمى كوردستان بۆ دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كانى له‌لایه‌ن به‌غداوه‌، وه‌ڵامی هه‌رێمی كوردستانى دایه‌وه‌، ئاماده‌نییه‌ هیچ بڕه‌ قه‌رزێكی بۆ بداته‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، حكومه‌تی به‌غداد به‌زاره‌كی وه‌ڵامی داواكارییه‌كی هه‌رێمی داوه‌ته‌وه‌، كه‌تایبه‌ت بووه‌ به‌دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداده‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، وه‌ڵامه‌كه‌ی حكومه‌تی به‌غداد له‌رێگه‌ی فواد حوسێن-ه‌وه‌ گه‌یه‌ندراوه‌ته‌ هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵی رایگه‌یاندووه‌، هه‌رێمی كوردستان به‌ئازادانه‌ خۆی بڕیاری ئابوری سه‌ربه‌خۆی داوه‌ و ده‌ستیكردووه‌ به‌فرۆشتنی نه‌وته‌كه‌ی و هیچ راوێژێكیشیان له‌گه‌ڵ نه‌كراوه‌، بۆیه‌ ئه‌وان ئاماده‌نین هیچ بڕه‌قه‌رزێكی هه‌رێم بده‌نه‌وه‌.

بڕیاره‌ هه‌فته‌ی داهاتوو كه‌ شاندی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌چێته‌ به‌غداد، جارێكی تر ئه‌و وه‌ڵامه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسانی عێراقه‌وه‌ بدرێته‌ شاندی هه‌رێم. سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عێراق بۆچوونیشی بگۆڕدرێت و ئاماده‌بێت قه‌رزه‌كانی سه‌ر هه‌رێم بداته‌وه‌ ناتوانێت، چونكه‌ به‌پێی ده‌ستوری عێراق هه‌ر قه‌رزێك ده‌وڵه‌ت ده‌یكات ده‌بێت به‌ پرۆژه‌یه‌ك بڕی قه‌رزه‌كه‌ و لایه‌نی قه‌رزده‌ر و مه‌رجه‌كان و رێژه‌ی سود ئاماده‌بكرێت و ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بكرێت دوای ئه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران په‌سه‌ندكرا، حكومه‌ت ده‌توانێت قه‌رزه‌كه‌ وه‌ربگرێت به‌ڵام قه‌رزه‌كانی هه‌رێم ره‌زامه‌ندی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیان بۆ وه‌رنه‌گیراوه‌.

رۆژی ٨-٩-٢٠١٩ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ت، له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی كورد له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كۆبووه‌وە، مه‌رجی راده‌ستكردنی ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ی به‌ به‌غداد، به‌سته‌وه‌ به‌دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی سه‌رهه‌رێم له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵی-یه‌وه‌.