کوردستان

07:29 - 10/09/2019

دوو وه‌زاره‌ت داواده‌كه‌ن له‌بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ببه‌خشرێن‌

پەیسەر


به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی شاره‌وانی و ناوخۆ داوایانكردووه‌، له‌و بڕیاره‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ببه‌خشرێن كه‌ ده‌ڵێت، ده‌بێت ته‌واوی داهاته‌كان بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و هیچ وه‌زاره‌تێكیش بۆی نیه‌ له‌ داهاتی خۆی به‌شێك یان هه‌مووی خه‌رج بكات.

به‌پێی زانیاریه‌كانی په‌یسه‌ر، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی رایگه‌یاندووه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ جێبه‌جێبكرێت ئه‌وه‌ زۆرینه‌ی خزمه‌تگوزاریه‌كان په‌كیان ده‌كه‌وێت، چونكه‌ پێشتر به‌شێك له‌بوودجه‌ی خۆیان بۆ ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ خه‌رجكردووه‌، وه‌زاره‌تی ناوخۆش رایگه‌یاندووه‌، ئه‌و بڕیاره‌ زیان به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆ ده‌گه‌یه‌نێت، چونكه‌ ئه‌وان به‌شێك له‌پرۆژه‌كانیان له‌سه‌ر به‌شێك له‌داهاته‌كانیان جێبه‌جێكردووه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، تائێستا هیچ وه‌زاره‌تێكی حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان، بڕیاره‌كه‌ی جێبه‌جێنه‌كردووه‌ و داهاته‌كه‌ی به‌ته‌واوه‌تی نه‌گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارایی.

به‌پێی بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ده‌بێت هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان ته‌واوی داهاته‌كانیان بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارایی، هیچ وه‌زاره‌تێكیش بۆی نییه‌ به‌شێك له‌داهاته‌كه‌ی بكاته‌وه‌ به‌پرۆژه‌، به‌بێ ره‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی دارایی.