کوردستان

05:56 - 14/12/2018

پڕۆژەی پارتی بۆ سێ‌ سەرۆكایەتییەكە و دەسەڵاتی لامەركەزی لەهەرێم‌

پەیسەر

پارتی دیموكراتی كوردستان، لە پڕۆژەیەكدا كە ئاڕاستەی لایەنەكانی هەرێمی كوردستانی دەكات، بیروبۆچونی خۆی لەبارەی سێ‌ سەرۆكایەتییەكە و دەسەڵاتی لامەركەزی پارێزگانی تێدا رونكردوه‌ته‌وه‌.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بە پەیسەرپرێس گەیشتووە، پارتی، دەیەوێت بۆ هەر سێ‌ سەرۆكایەتیەكەی هەرێمی كوردستان( سەرۆكی پەرلەمان – سەرۆكی هەرێم – سەرۆكی حكومەت) دوو جێگری هەبێت، کە ئێستا پەرلەمان بەپیێ پەیرەوی نوێی ناوخۆی دووجێگری هەیەو سکرتێر نەماوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەدا، ئامانج لەم پڕۆژەیە ئەوەیە لە ئەگەری كشانەوەی لایەنێكی براوەی هەڵبژاردن، هیچ یەكێك لەو سێ‌ سەرۆكایەتییە كێشەی یاسایی بۆ دروست نەبێت و لەكارەكانی بەردەوام بێت.
سەبارە بە دەسەڵاتی لامەركەزی پارێزگاكان، كە بۆچوونی جیاواز لەسەر چۆنێتی دەسەڵاتەكانی لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان هەیە، لە پڕۆژەكەی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، ئاماژە بەوەكراوە، دەبێت یان ئەنجومەنی پارێزگاكان بمێنێت و بەردەوام بێت و لەبەرامبەردا ئەنجومەنی شارەوانییەكان هەڵبوەشێنرێتەوە یان بە پێچەوانەوە ئەنجومەنی پارێزگاكان هەڵبوەشێنرێتەوە  و شارەوانیەكان بەردەوام بێت.
بۆ ئەو مەبەستە پارتی پێشنیاری ئەوەی كردووە، كە بە پێی رێكەوتنی لایەنەكان پڕۆژەیاسایەك ئامادە بكرێت و ئاڕاستەی پەرلەمان بكرێت و دەسەڵاتەكانیشی لەو یاسایەدا رێكبخرێتەوە.
بە پێی زانیارییەكان بڕیار وایە پارتی دیموكراتی كوردستان هەفتەی داهاتوو لە خولێكی دیكەی دانوستانەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ لایەنەكان كۆببێتەوە ئەم پڕۆژەیە بخاتە بەردەستیان.