06:24 - 09/09/2019
لەسەر دژایەتی بۆ رێككەوتنی گۆڕانو یەكێتی لێكۆڵینەوە لەمەلا بەختیار دەكرێت
یەكێك لەو دۆسییانەی لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكرێت دژایەتییەكانی مەلا بەختیارە بۆ رێككەوتنی سیاسی نێوان بزووتنەوەی گۆڕانو یەكێتی نیشتمانی.
سەرەتای ئەم هەفتەیە مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بڕیاریدا لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لەمەلا بەختیار كارگێڕی مەكتەبی سیاسی حیزبەكە پێبهێنێت، كە بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس لیژنەكە لەهەریەكە لەحاكم قادر ئەندامی مەكتەبی سیاسیو فەرید ئەسەسەردو لەتیف شێخ عومەرو نوێنەرێكی دەزگای زانیاری پێكهاتوون.
هەر بەپێی زانیارییەكان، یەكێك لەو دۆسییانەی بڕیارە لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێت، پرسی هەوڵەكانی مەلا بەختیارە بۆ شكستهێنان بەو رێككەوتنەی لەنێوان گۆڕانو یەكێتی واژوو كرا.
ساڵی 2016و لەمانگی پێنج بەسەرپەرشتی نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی گۆڕانو كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری یەكێتی و بەئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی ئەو دوو حیزبە رێككەوتنی سیاسیان واژوو كرد، بەڵام هەر لەسەرەتاوە مەلا بەختیار دژایەتی خۆی بۆ رێككەوتنەكە راگەیاندو بەشداری كۆبوونەوەو گفتوگۆكانی تایبەت بەو پرسەی نەكرد.
پەیسەرپرێس ئەوەشی زانیوە، گومان دەكرێت مەلا بەختیار بە مەبەستو بەهاندانی لایەنێكی دیاری هەرێم هەوڵی بۆ شكستپێهێنانی ئەو رێككەوتنەی دابێتو دژایەتی كردووە، بۆیە لێكۆڵینەوەی لەو بارەوە لێدەكرێت.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، جگە لەو پرسە مەلا بەختیار لەسەر پرسەكانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی دیموكراتو وەرگرتنی پارە لەو حیزبە لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێتو ئەگەر تۆمەتەكانی لەسەر ساخبێتەوە، دوور نییە لەكۆنگرەی داهاتووی یەكێتی بێبەش بكرێت.