کوردستان

07:54 - 13/12/2018

یه‌كێتى ده‌یه‌وێت به‌ره‌یه‌ك به‌رامبه‌ر پارتى دروستبكات‌

پەیسەر

یه‌كێتى پڕۆژه‌یه‌كى ئاماده‌كردووه‌و جگه‌ له‌پارتى سه‌ردانى لایه‌نه‌كانى دیكه‌ ده‌كات و له‌گه‌ڵیان تاووتوێى ده‌كات، ده‌یه‌وێت بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت به‌ره‌یه‌ك به‌رامبه‌ر پارتى دروستبكات، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى ئه‌و حزبه‌ بێ ئومێدبوو له‌وه‌ى پارتى داواكارییه‌كانى جێبه‌جێبكات.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداره‌وه‌ ده‌ست په‌یسه‌ر پرێس كه‌وتووه‌، یه‌كێتى له‌ هه‌فته‌ى ئاینده‌وه‌ سه‌ردانى لایه‌نه‌كان ده‌كات، یه‌كه‌م لایه‌نیش كه‌ سه‌ردانى ده‌كات بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌بێت، دواتر سه‌ردانى كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو و نه‌وه‌ى نوێ و سۆسیالستیش ده‌كات.

ناوه‌رۆكى پرۆژه‌كه‌ى یه‌كێتى تایبه‌ته‌ به‌ پێكهێنانى كابینه‌ى نۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر یه‌كێتى له‌و سه‌ردانه‌یدا هۆشدارى به‌ لایه‌نه‌كان ده‌دات كه‌ ئه‌گه‌ر پشتیوانى پرۆژه‌كه‌ نه‌بن بۆ دروستكردنى به‌ره‌یه‌ك به‌رامبه‌ر پارتى، ئه‌وا وه‌ك یه‌كێتى به‌رپرسیارێتى چوار ساڵى داهاتوو هه‌ڵناگرن.

ئه‌و هه‌وڵه‌ى یه‌كێتى دواى ئه‌وه‌دێت ئه‌و حزبه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى رۆژى سێشه‌ممه‌ى رابردوو بێئومێد بوو له‌وه‌ى كه‌ پارتى داواكارییه‌كانى جێبه‌جێبكات و ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌ى لایه‌نه‌كانى دیكه‌وه‌ فشار دروست بكات بۆ ئه‌وه‌ى پارتى به‌ داواكانى رازى بێت.

پێشتر په‌یسه‌ر پرێس ئه‌وه‌ى بڵاوكردبووه‌وه‌، كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى رۆژى سێشه‌ممه‌ى رابردووى پارتى و یه‌كێتى كه‌ له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، پارتى داواكارییه‌كانى یه‌كێتى ره‌تكردووه‌ته‌وه‌و پرۆژه‌كه‌ى ئه‌و حزبه‌ى بۆ دابه‌شكردنى پۆسته‌كانى به‌ رێژه‌ى سه‌دا ٤٠ به‌رامبه‌ر سه‌دا ٦٠ قبوڵنه‌كردووه‌.