کوردستان

05:45 - 08/09/2019

سه‌رۆكى حكومه‌ت داوایه‌ك ئاڕاسته‌ى وه‌زاره‌ته‌كان ده‌كات‌

پەیسەر

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، داواده‌كات تا ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌  هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان، پلانی چوار ساڵی داهاتوو، بگه‌یه‌ننه‌ دیوانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا دیوانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم، په‌یوه‌ندی به‌ وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ كردووه‌، كه‌ تا ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌ پلانی چوارساڵه‌ی خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده‌، بازرگانی، پێشمه‌رگه‌و خوێندنی باڵا پلانه‌كانیان ئاماده‌یه‌، له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا وه‌زاره‌ته‌كانی دارایی و كشتوكاڵیش پلانه‌كانیان ته‌واوده‌بێت.

به‌پێی زانیارییه‌كانی سه‌رچاوه‌كه‌، سه‌رۆكی حكومه‌ت ساڵانه‌ داوای راپۆرت له‌وه‌زاره‌ته‌كان ده‌كات، ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی چه‌ند له‌سه‌دی كارنامه‌كه‌یان له‌و ساڵه‌دا جێبه‌جێكردووه‌و چه‌ندی ماوه‌، لیژنه‌یه‌كی پسپۆڕیش به‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆكی حكومه‌ت، چاودێری كاری وه‌زاره‌ته‌كان و راپۆرته‌كانیان ده‌كات.