کوردستان

06:47 - 03/09/2019

یەكێتی نیشتیمانی پەنا بۆ بەغداد دەبات‌

پەیسەر

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لەجێبەجێكردنی رێككەوتنی كەركوك لەگەڵ پارتی بێ ئومێد دەبێت و جارێكی تر پەنا بۆ بەغداد دەبات.

بەپێی زانیارییەكانی پەیسەر لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتوە، ماڵی تاڵەبانی بەهیچ شێوەیەك ئامادەنین تەیب جەبار بەكاندیدێكی تر بگۆرن یان رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ پارتی لەسەر پرسی كەركوك بكەن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەلایەن ئەندامانی یەكێتیەوە دووچاری رەخنەی سازشكردن بۆ پارتی نەبنەوە.

هەر بە پێی زانیارییەكان و دوای ئەوەی یەكێتی گەیشتوەتە ئەو بڕوایەی پارتی یاری بەكات دەكات و ئامادە نیە دوایین رێككەوتنیان لەسەر پرسی كەركوك جێبەجێ بكات، بۆیە لەئێستادا هەوڵەكانیان لەرێگەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقەوە دەستپێكردووە.

یەكێتی دەیەوێت لە رێگەی هەوڵەكانی سەرۆك كۆماری عێراقەوە دوو ئامانج بە دەستبهێنێت، كە ئەوانیش بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەگەڵ پارێزگاكانی تر لە 1/4/2020، چونكە یەكێتی پێی وایە لەو هەڵبژاردنەدا زۆرینەی كورسیەكانی ئەنجومەنی پارێزگا بەدەست دەهێنێت و بەبێ پارتی پۆستی پارێزگار وەردەگرێتەوە.

لەبارەی ئامانجی دووەمیشەوە ئەگەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، دوابخرێت بەرێككەوتن لەگەڵ عەرەب و توركمانەكان و لەرێگەی نێوەندگیری وەزارەتی ناوخۆی عێراق پۆستی پارێزگار وەربگرێت.

هەنگاوەكەی یەكێتی لەكاتێكدایە بریارە سبەینێ چوارشەممە لیژنەی هاوبەشی پارتی و یەكێتی لەسەر پرسی پارێزگار لەبەغداد لەگەڵ چەند پێكهاتەیەكی شارەكە كۆببنەوە.

رۆژی 11/7/2019 یەكێتی و پارتی لەسەر دیاریكردنی تەیب جەبار بۆ پارێزگاری كەركوك رێككەوتن بەپێی رێككەوتنەكەش 45 رۆژ بۆ دانانی پارێزگار دیاریكرا، بەڵام تائێستا رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكراوە لەگەڵ ئەوەی وادەكە لە 25ی ئابی رابردوو كۆتایی هات.