کوردستان

04:55 - 03/09/2019

لێتێگەیشتنێكی گۆڕان و پارتی لە دوایین كۆبوونەوەیان‌

پەیسەر

بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان، لە كۆبوونەوەی رۆژی یەكشەممە لەسەر  كۆبوونەوەی سێ‌ قۆڵی نێوان ئەو دوو حیزبە و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رێككەوتن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، پارتی و گۆران لەكۆبونەوەی رۆژی یەكشەممە لەسەر كۆبونەوەی سێ قۆڵی گۆران- پارتی-یەكێتی رێككەوتوون.
لەبارەی ئامانجی كۆبوونەوەی سێ‌ قۆڵی ئەو سەرچاوەیە ئەوەی ئاشكراكرد،  كە دەیانەوێت گفتوگۆ لەسەر كارنامەی حكومەت و پرسی كەركوك و دانانی پارێزگارێكی كورد لەو شارە هەروەها گفتوگۆكردن لەسەر چۆنیەتی دانوستانی هەرێم و بەغداد بكەن.
بەپێی زانیارییەكانی پەیسەر، لەكۆبوونەوەكەدا پارتی پێی باش بووە ئەو دۆسیانە لەكۆبونەوەی سێ قۆڵی یەكلایی بكرێنەوە و بزوتنەوەی گۆرانیش ئامادەیی خۆی بۆ بەشداری لەو كۆبونەوەیە پیشانداوە.
لە كۆبوونەوەكەی رۆژی یەكشەممەدا، فازڵ میرانی رایگەیاندووە دوای راویژكردن لەگەڵ مەسعود بارزانی پرسی كۆبونەوەی سێ قۆڵی لەمەكتەبی سیاسی تاوتوێ دەكەن.
رۆژی یەكشەممە بزوتنەوەی گۆران و پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی باڵا لە هاوینەهەواری پیرمام كۆبونەوە، كە وەفدی  بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتییەوە سەرپەرشتی دەكرا و وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستانیش لەلایەن فازڵ میرانییەوە.