کوردستان

04:17 - 02/09/2019

عادل عه‌بدولمه‌هدى نامه‌یه‌ك بۆ مه‌سرور بارزانى ده‌نێرێت‌

پەیسەر


سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، نامه‌یه‌كی نیگه‌رانیی بۆ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان ره‌وانه‌ده‌كات و نیگه‌رانى خۆى راگه‌یاندووه‌ له‌وه‌ى، هه‌رێم پابه‌ندنییه‌ به‌ یاساى بوودجه‌وه‌و جددى نییه‌ له‌ دانوستانه‌كان.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نامه‌یه‌كی نیگه‌رانی بۆ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ناردووه‌ و تێیدا ره‌خنه‌ی له‌حكومه‌تی هه‌رێم گرتووه‌، له‌به‌رامبه‌ر پابه‌ندنه‌بوون به‌رێككه‌وتنی پێشوو ده‌رباره‌ی راده‌ستكردنی ٢٥٠هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاندووه‌، ده‌بوایه‌ هه‌رێمى كوردستان ره‌چاوی فشاری كوتله‌كانی بكردایه‌ له‌سه‌ر حكومه‌ت، بۆ بڕینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمى كوردستان. سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نیگه‌رانه‌و پێى وایه‌، جددیه‌ت له‌هه‌رێم نابیندرێت، بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی هه‌رێم و به‌غداد.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌حكومه‌تی هه‌رێم به‌ په‌یسه‌رپرێس-ی راگه‌یاند، بڕیاره‌ دوای نامه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، له‌م هه‌فته‌یه‌دا هه‌رێمى كوردستان شاندێك ره‌وانه‌ی به‌غداد بكات بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان، چونكه‌ به‌شێكی نیگه‌رانییه‌كانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، په‌یوه‌ندی به‌ دواكه‌وتنی دانوستانه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌.

بڕیاربوو دواى جه‌ژنى قوربان شاندێك له‌هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، سه‌ردانى به‌غدا بكات و له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عیراق كۆببێته‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا سه‌ردانه‌كه‌ ئه‌نجامنه‌دراوه‌، له‌كاتێكدا گفتوگۆكان بۆ ئاماده‌كردنى پرۆژه‌یاساى بوودجه‌ ده‌ستیانپێكردووه‌و چاوه‌ڕوانده‌كرێت مانگى داهاتوو بوودجه‌ ره‌وانه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بكرێت.