کوردستان

03:56 - 02/09/2019

پارتی بۆ پارێزگارى كه‌ركوك داواى كاندیدى دیكه‌ ده‌كات‌

پەیسەر

پارتی داوا له‌یه‌كێتی ده‌كات جگه‌ له‌ته‌یب جه‌بار چه‌ند كاندیدێكی دیكه‌ پێشكه‌ش بكات بۆ پارێزگاری كه‌ركوك. رێككه‌وتنه‌كه‌ى نێوانى ئه‌و دوو حزبه‌ سه‌باره‌ت به‌ پارێزگارى كه‌ركوك كێشه‌ى تێكه‌وتووه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، پارتی پاشه‌كشه‌ی كردووه‌ له‌رێككه‌وتنی پێشووی ده‌رباره‌ی پرسی كه‌ركوك، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داوای له‌یه‌كێتی كردووه‌ سێ بۆ چوار كاندیدی دیكه‌ پێشكه‌ش بكات بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك، ئه‌و كاندیدانه‌ به‌ راوێژ له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب و توركمانه‌كانی كه‌ركوك و به‌ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی به‌غداد یه‌كێكیان یه‌كلایی بكرێته‌وه‌، یاخود چاوه‌رێ بكات تا كێشه‌ی كه‌ركوك له‌نێوان هه‌رێم و به‌غداد یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌ ئه‌و كاته‌ كاندیدی پۆستی پارێزگار پێشكه‌ش بكات.

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار بۆ په‌یسه‌رپرێس گوتى، به‌هۆی پێداگری ماڵی تاڵه‌بانی له‌سه‌ر نه‌گۆڕینی كاندیده‌كه‌یان بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك و پێداگری پارتی له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی پێشوو، تائێستا یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌رئاستی باڵا كۆنه‌بوونه‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، لیژنه‌یه‌كی بچوك له‌نێوان یه‌كێتی وپارتی بۆ پرسی كه‌ركوك پێكهێندراوه‌، تائێستا ئه‌و لیژنه‌یه‌ هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه‌ ئه‌گه‌رچی هیچ به‌رهه‌مێكیشی نه‌بووه‌ بڕیاریشه‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ له‌به‌غداد له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب و توركمانه‌كانی كه‌ركوك كۆبیێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی داواكاری ئه‌و دووپێكهاته‌یه‌ بزانێت.