کوردستان

07:47 - 01/09/2019

نوێترین زانیاری له‌سه‌ر پڕكردنه‌وه‌ی پۆستی بریكار وەزیر و بەرێوەبەرەگشتیەكان‌

پەیسەر

پڕكردنەوەی پۆستی بریكاری وەزیر و بەرێوەبەری گشتی و راوێژكارەكان دوادەكەوێت، پەیسەرپرێس هۆكارەكەی ئاشكرا دەكات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، پرسی پركردنەوەی پۆستی بریكاری وەزیر و بەرێوەبەری گشتی و راوێژكارەكان لەكابینەی نۆیەم دوادەكەوێت، بەهۆی ئەوەی تائێستا پارتی بەهۆی كێشەناوخۆیەكانی هەردوو باڵی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور  بارزانی ئەو پۆستانە یەكلایی نەبوونەوە و مەكتەبی سیاسی ئەو حزبەش نایەوێت هیچ رۆڵێكی لەو پۆستانە هەبێت.


 سەبارەت بەیەكێتیش زانیارییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، كه‌ بەهۆی ململانێی هەردوو باڵی ماڵی كۆسرەت رەسوڵ و ماڵی تاڵەبانی و باڵی بەرهەم ساڵح، تائێستا هیچ كاندیدێك یەكلایی نەبۆتەوە و پرسی كۆنگرەش دەرگای گفتوگۆی ناو باڵەكانی تارادەیەك داخستووە.

سەبارەت بە بزوتنەوەی گۆرانیش سەرچاوەكە دەڵێت، گۆران یەكلایی كردنەوەی ئەو كاندیدانەی خستۆتە دوای هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی و خانەی راپەراندن، كە بڕیارە لەناوەراستی ئەم مانگەدا ئەو پرۆسەیە بەرێوەبچێت.

بەپێی زانیاریەكان كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم هەموو هەوڵەكانی چركردۆتەوە بۆ ئەوەی بەزووی ئەو پۆستانە یەكلایی بكرێنەوە و بۆ ئەمەش چەند جارێك داوای لەحزبەكان كردووە كاندیدەكانیان پێشكەش بكەن.

هەرسێ حزبیش پێشتر بەرنامەی  كاندیدكردنی كەسانی  شارەزا و تەكنۆكراتیان بۆ ئەو پۆستانە هەبووە بەڵام بەهۆی باڵ باڵێنەوە پێدەچێت كاندیدەكان لەسەربنەمای باڵ باڵێن دیاری بكرێن.