کوردستان

04:15 - 31/08/2019

بریارێكی یه‌كێتی ئاسته‌نگ بۆ حكومه‌ت درووستده‌كات‌

پەیسەر

حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان، ده‌یه‌وێت حزبه‌كان كاندیده‌كانیان بۆ پۆسته‌كان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌، یه‌كێتیش بڕیاریداوه‌ ئه‌وه‌ كه‌سانه‌ بگۆڕێت كه‌ چوار ساڵیان له‌ پۆسته‌كانیان ته‌واوكردووه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتوون، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم داوای له‌سه‌رجه‌م حزبه‌ به‌شداربووه‌كانی حكومه‌ت كردووه‌، له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا كاندیده‌كانیان بۆ پۆستی بریكاری وه‌زیر و به‌رێوه‌به‌ری گشتی و راوێژكاره‌كان دیاریبكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ستبه‌كاربن.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاسته‌نگی بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌ت دروستكردووه‌، بڕیاره‌كه‌ی چه‌ندرۆژی رابردووی كۆسره‌ت ره‌سوڵ-ه‌ كه‌ بڕیاریدا هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌پشكی یه‌كێتی، له‌پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و به‌ره‌وسه‌ره‌وه‌ن و ماوه‌ی چوارساڵیان له‌ناو حكومه‌تی به‌غداد یان هه‌رێم ته‌واوكردووه‌، بگۆڕدرێن به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌كێتی كاندیدی جێگره‌وه‌ی بۆ ئه‌و پۆستانه‌ هه‌بێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، یه‌كێتی ده‌یه‌وێت به‌دووقۆناغ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ جێبه‌جێ بكات، له‌قۆناغی یه‌كه‌مدا پۆسته‌ به‌تاڵه‌كان و پشكه‌كانی خۆی له‌حكومه‌ت پڕبكاته‌وه‌، له‌قۆناغی دووه‌مدا ئه‌و به‌رپرسانه‌ بگۆڕێت كه‌ چوارساڵیان ته‌واوكردووه‌، له‌به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی هه‌رێم ده‌یه‌وێت هه‌ردوو پرۆسه‌كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌نجامبدرێن، به‌ڵام پێناچێت داواكارییه‌كه‌ی حكومه‌ت جێبه‌جێبكرێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی یه‌كێتی كاندیدی جێگره‌وه‌ی بۆ ئه‌و پۆستانه‌ نییه‌.