کوردستان

03:45 - 31/08/2019

ناكۆكى یه‌كێتى و پارتى له‌سه‌ر شێوازى ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى كه‌ركوك‌

پەیسەر

پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌ى حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، كێشه‌ی كه‌ركوك له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراق چاره‌سه‌ربكرێت، به‌ڵام یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ده‌یه‌وێت حزب ئه‌و هه‌نگاوه‌ بنێت و له‌رێگه‌ى حزبه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، پارتی  و یه‌كێتی ناكۆكییان له‌سه‌ر میكانیزمی چۆنێتی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كانی تر هه‌یه‌، به‌جۆرێك پارتی پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كات كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌چوارچێوه‌ی گفتوگۆكانی هه‌ولێر و به‌غداد دانوستان له‌سه‌ر پرسی كه‌ركوك بكات.

له‌به‌رامبه‌ردا یه‌كێتی پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كات، كه‌ ئه‌وان وه‌ك حزب رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ پارتی هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌ردووحزب ئه‌و كێشه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌غداد یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌ چونكه‌ یه‌كێتی پێیوایه‌ ئه‌وان رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌رباره‌ی كه‌ركوك نه‌كردووه‌، پرسی كه‌ركوكیش له‌پرسی پێكهێنانی حكومه‌ت جیاوازبووه‌ ئه‌گه‌رچی یه‌ك پاكێج بووه‌، بۆیه‌ ده‌بێت پارتی وه‌ك حزب بچێته‌ ژێرباری ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی كردوویه‌تی.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، یه‌كێتی پێیوایه‌ شاندی حزبی له‌به‌غداد به‌هێزتره‌ له‌شاندی حكومه‌تی هه‌رێم، بۆیه‌ با پرسی دارایی و بوودجه‌ و پێشمه‌رگه‌ بۆ حكومه‌ت جێبهێڵن و پرسی كه‌ركوك خۆیان چاره‌سه‌ری بكه‌ن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هاوكاری بۆ سوككردنی باری سه‌رشانی حكومه‌ت. به‌پێى زانیارییه‌كان یه‌كێتی ترسی هه‌یه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كه‌ركوك له‌رێگه‌ی حكومه‌ته‌وه‌ به‌دڵی ئه‌و نه‌بێت.

ئه‌و ٤٥رۆژه‌ى یه‌كێتى و پارتى بۆ جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنه‌كه‌یان سه‌باره‌ت به‌ كه‌ركوك دیارییان كردبوو كۆتاییهات، به‌ڵام دیار نییه‌ كه‌ى رێككه‌وتنى ئه‌و دوو حزبه‌ جێبه‌جێده‌كرێت.