کوردستان

03:23 - 31/08/2019

وه‌زیره‌كانی پارتی و یه‌كێتی ئۆتۆمبێله‌كانیان نه‌گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌‌

پەیسەر

وه‌زیره‌كانی پارتی و یه‌كێتی له‌ كابینه‌ى پێشووى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، كه‌مترین ئۆتۆمبێل و كه‌لوپه‌لیان گه‌راندووه‌ته‌وه‌، كه‌ پێشتر وه‌ریان گرتووه‌. سه‌رۆكى حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ى به‌ نیازى وه‌رگرتنه‌وه‌یانن.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس، تائێستا وه‌زیره‌كانی پارتی و یه‌كێتی كه‌مترین ئۆتۆمبێل و كه‌لوپه‌لیان گه‌راندووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌كابینه‌ی پێشووی حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ریان گرتووه‌، به‌هۆیه‌وه‌ مه‌سرور بارزانی له‌رێگه‌ی حزبه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌وڵده‌دات ئه‌و كه‌لوپه‌ل و خانوو و ئۆتۆمبێلانه‌ له‌وه‌زیره‌كانی پارتی وه‌ربگرێته‌وه‌، كه‌ له‌كابینه‌ی پێشوو وه‌ریان گرتووه‌.

مه‌سرور بارزانى، قوباد تاڵه‌بانیشی راسپاردووه‌ هه‌مان هه‌نگاو به‌رامبه‌ر وه‌زیره‌كانی حزبه‌كه‌ی بگرێته‌به‌ر. سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، وه‌زیره‌كانی گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو، هیچ شتێكی ئه‌وتۆیان له‌سه‌ر نه‌ماوه‌ و مه‌سرور بارزانیش جدییه‌ له‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌، ئه‌گه‌ر وه‌زیره‌كان راده‌ستی نه‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌وه‌ له‌رێگه‌ی دیوانی چاودێری داراییه‌وه‌ هه‌نگاوده‌نێت، بۆ ناچاركردنی وه‌زیره‌كانی كابینه‌ی پێشوو.