کوردستان

04:22 - 29/08/2019

هۆكارى دواكه‌وتنى سه‌ردانى وه‌زیرى دارایى بۆ په‌رله‌مان‌

پەیسەر

ئه‌گه‌رچی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانى كوردستان، به‌فه‌رمی داوای ئاماده‌بوونی له‌ وه‌زیری دارایی كردووه‌، به‌ڵام تائێستا به‌هۆی ره‌زامه‌ندنه‌بوونی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ وه‌زیری دارایی نه‌چووه‌ته‌ په‌رله‌مان.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی ئاماده‌یی پیشانداوه‌ بچێته‌ په‌رله‌مانی كوردستان و ده‌رباره‌ی چۆنێتی دابه‌شكردنی پاره‌ی به‌غداد روونكردنه‌وه‌ بدات، به‌ڵام چوونی هه‌ر وه‌زیرێك بۆ په‌رله‌مان پێویستی به‌ره‌زامه‌ندی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌یه‌ و تائێستاش ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ پیشان نه‌داوه‌.

به‌هۆی دواكه‌وتنی دابه‌شكردنی مووچه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌رێگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه‌وه‌ بانگهێشتی وه‌زیری داراییان كردووه‌ بۆ لیژنه‌كه‌یان به‌شێوه‌ی میوانداری، به‌مه‌به‌ستی روونكردنه‌وه‌ی چه‌ند دۆسیه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌دۆخی دارایی و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران.