کوردستان

02:33 - 28/08/2019

په‌رله‌مانتاران به‌دواداچوون بۆ دۆسیه‌كەى سیروان كوێخا نه‌جم ده‌كه‌ن‌

پەیسەر

جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی مافی مرۆڤی په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ده‌ستگیركردنی سیروان كوێخا نه‌جم نایاساییه‌ و به‌دواداچوونی بۆ ده‌كه‌ن.

گوڵستان سه‌عید جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی مافی مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌په‌یسه‌رپرێس-ی راگه‌یاند ده‌ستگیركردنی سیروان كوێخا نه‌جم له‌لایه‌ن حزبه‌كه‌یه‌وه‌ نایاساییه‌ و ئه‌گه‌ر له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ئازاد نه‌كرێت به‌دواداچوونی بۆ ده‌كه‌ن.

گوتیشی:"ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر سیروان كوێخا نه‌جم كراوه‌ پێشێلكاری مافی مرۆڤ و شكاندنی شكۆی پێشمه‌رگه‌یه‌كی دێرینه‌،".به‌ گوته‌ى ئه‌و ئه‌ندامه‌ى لیژنه‌ى مافی مرۆڤی په‌رله‌مان، ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م كاری لیژنه‌كه‌یاندا، هه‌یه‌ به‌وه‌ی ئه‌ندامانی پارتی به‌دوای شكستی ئیداره‌دانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌وه‌ن و ئه‌ندامانی یه‌كێتیش به‌دوای شكستی ئیداره‌دانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی ئه‌ولاوه‌ن".

روونیكرده‌وه‌، ئه‌ندامانی یه‌كێتی رازی نین به‌شداری بكه‌ن له‌لێكۆڵینه‌وه‌و سه‌ردانی زیندانیه‌كانی ئێره‌، ئه‌ندامانی پارتیش له‌به‌رامبه‌ر سه‌ردانی كه‌مپی ئاواره‌كان بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژێرن، "ئه‌مه‌ فشاری زیاتری ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌راستی ئیداره‌یه‌كی دروست له‌م وڵاته‌دا به‌رجه‌سته‌ بكه‌ین".

سیروانى كوێخا نه‌جم ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى، به‌پێى هه‌ردوو مادده‌ى ٣١ و ٤٢١ له‌ یاساى سزادانى عێراقى ده‌ستگركراوه‌، به‌پێى مادده‌كان تۆمه‌ته‌كه‌ هه‌وڵى فڕاندن یاخود ده‌ستگیركردنى كه‌سێك یاخود ماڵێكه‌.