کوردستان

03:41 - 26/08/2019

كۆسره‌ت ره‌سوڵ و مه‌لابه‌ختیار كێبركێ له‌سه‌ر پۆستێك ده‌كه‌ن‌

پەیسەر

كۆسره‌ت ره‌سوڵ ئامادده‌یه‌ ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كه‌ی بێت، به‌مه‌رجێك شاڵاوی كوڕی بكرێته‌ جێگری سكرتێری یه‌كێتی. به‌رهه‌م ساڵح-یش پشتیوانى پرۆژه‌ى كۆسره‌ت ره‌سوڵ ده‌كات، بۆ به‌ستنى كۆنگره‌ى ته‌وافوقى.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا گفتوگۆ له‌نێوان بافڵ تاڵه‌بانی و كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌سه‌ر پرسی كۆنگره‌ هه‌بووه‌، كۆسره‌ت ره‌سوڵ ئاماده‌یی خۆی پیشانداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خۆی بۆ هیچ پۆستێك كاندید نه‌كاته‌وه‌، به‌مه‌رجێك شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سوڵ بكرێته‌ جێگری سكرتێری یه‌كێتی و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌وڵه‌كانی چڕكردووەته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌ر ده‌ڵێت، ئه‌و پۆسته‌ی كۆسره‌ت ره‌سوڵ داوای ده‌كات، مه‌لابه‌ختیار  به‌ ته‌مایه‌تى، له‌سه‌ر بنه‌مای به‌ڵێنی ماڵی تاڵه‌بانیش كه‌ پۆستی جێگری سكرتێری پێ ده‌درێت، گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ناو یه‌كێتی.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، به‌رهه‌م ساڵح هه‌ڵوێستی خۆی ده‌رباره‌ی پرۆژه‌كه‌ی كۆسره‌ت ره‌سوڵ و به‌ستنی كۆنگره‌ یه‌كلایی كردووه‌ته‌وه‌ و پشتیوانی به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی ته‌وافوقی ده‌كات، داواش ده‌كات پێش به‌ستنی كۆنگره‌ سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك رێككه‌وتن بكه‌ن.

ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌، پێشتر بافڵ تاڵه‌بانی كوڕه‌ گه‌وره‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری گشتی یه‌كێتی به‌ستنی كۆنگره‌ی ته‌وافوقی  ره‌تكرده‌وه‌. ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی و ئه‌نجومه‌نی مه‌كته‌بی رێكخستنی یه‌كێتیو پێشنیاری رۆژى ٢١-١١-٢٠١٩ی دیاریكردووه‌ بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ی یه‌كێتی، بڕیاریشه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ئه‌و پرسه‌ به‌ده‌نگدان یه‌كلایی بكرێته‌وه‌.