کوردستان

02:30 - 26/08/2019

كۆسره‌ت ره‌سوڵ داواكارى ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ندى یه‌كێتى ره‌تكرده‌وه‌‌

پەیسەر

ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی نیشتیمانى كوردستان، نه‌یتوانی جێگری سكرتێری گشتی حزبه‌كه‌ رازی بكات، به‌ به‌ستنی كۆنگره‌ له‌رۆژی شه‌هیدانی ئه‌و حزبه‌دا. كۆسره‌ت ره‌سوڵ داواكارییه‌كه‌ى ره‌تكرده‌وه‌.

ئێواره‌ی دوێنێ وه‌فدێكی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی، سه‌ردانی كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری سكرتێری گشتی حزبه‌كه‌یان كرد، به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، سه‌ردانه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌بووه‌ جێگری سكرتێر رازی بكرێت، پشتیوانی پێشنیاری ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند بكات بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ له‌٢١-١١-٢٠١٩ كه‌ رۆژی شه‌هیدانی یه‌كێتی-یه‌، به‌ڵام كۆسره‌ت ره‌سوڵ داواكارییه‌كه‌ی ره‌تكردووەته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌ هه‌وڵه‌كانی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند نیگه‌رانه‌ و پێی وایه‌ پشتیوانی باڵێک ده‌كه‌ن له‌دژی باڵێكی دیکە.

رۆژی ٢٠-٨-٢٠١٩ هه‌مان شاندی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند، سه‌ردانی بافڵ تاڵه‌بانی كوڕه‌ گه‌وره‌ی جه‌لال تاڵه‌بانییان كرد بۆ هه‌مان مه‌به‌ست، بافڵ تاڵه‌بانیش پشتیوانی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی كرد بۆ به‌ستنی كۆنگره‌، له‌رۆژی شه‌هیدانی یه‌كێتی-دا.

به‌پێی زانیاریه‌كان سه‌ردانه‌كه‌ی شاندی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی، جۆرێك له‌نێوه‌ندگیریشی تێدابووه‌، له‌نێوان باڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵ و ماڵی تاڵه‌بانی.