05:54 - 25/08/2019
ماسى ناوخۆیى نیوه‌ى خواستى بازاڕ پڕناكاته‌وه
هه‌رێمى كوردستان سه‌دا ٦٠ی بازاڕى ناوخۆیى ماسى، بهگۆشتى هاورده پڕده‌كاته‌وه، ئه‌گه‌رچى پرۆژه‌كانى به‌خێوكردنى ماسى زیاتربوون، به‌ڵام فریاى بازاڕى ناوخۆیى ناكه‌ون، به‌رهه‌مى ناوخۆییش سه‌رپه‌رشتى و چاودێرى له‌سه‌ر نییه، له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه به‌رهه‌مى ماسى سروشتى كێشه‌ى زۆرى هه‌یه.
٤٠٠ پڕۆژه‌ى به‌خێوكردنى ماسى تۆماركراون
به‌پێى ئامارێكى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى سامانى ماسی له وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ، تا شه‌ش مانگى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵ له هه‌رێمى كوردستان، ٤٠٠ پڕۆژه‌ى به‌خێوكردنى ماسى تۆماركراوه و مۆڵه‌تیان پێدراوه، له‌م ژماره‌یه‌ش ٣٥٨یان حه‌وزى كلاسیكین(خۆڵ) و ١٦ى تر حه‌وزى كۆنكرێتى و ٢٢قهفهز و ١٢ حه‌وزى تریش به‌شێوه‌ى داخراو بوونیان هه‌یه.
به‌شێوه‌یه‌كى گشتى ئه‌و ماسییانهى له‌ناو پڕۆژەکاندا به‌خێوده‌كرێن، له‌جۆرى سه‌له‌موون و كاربن. سێ پڕۆژه‌ى پهنجهماسیش بوونى هه‌یه و پڕۆژه‌یه‌كى تریش له گه‌رمیان ته‌واو نه‌كراوه.
سیروان سه‌عید، به‌ڕێوه‌به‌رى سامانى ماسى له وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ بۆ په‌یسه‌ر گوتی: خواست له‌سه‌ر درووستكردنى پڕۆژه‌ى به‌رهه‌مهێنانى ماسی زیادیكردووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سەدا ٦٠ی ماسی لەدەرەوە هاورده ده‌كرێت، به‌تایبه‌ت له ئێران. تەنها سەدا ٤٠ ده‌توانرێت پشت به به‌رهه‌مى ناوخۆ ببه‌سترێت.
سەدا ٦٠ی ماسی لەدەرەوە هاورده ده‌كرێت
ئه‌و به‌رپرسه‌ى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ، باس له پلانه‌كانى خۆیان ده‌كات بۆ گرنگیدان به‌م سامانه و ده‌ڵێت، پلانیان هەیە، په‌نجه‌ماسی بخه‌نه به‌نداوه‌كان و ده‌ریاچه‌كانه‌وه، هه‌روه‌ها ڕێگه له هاورده‌ش بگرن، بۆ ئه‌وه‌ى به‌رهه‌مى ناوخۆ گه‌شه بكات.
جۆرهماسییهك له به‌نداوى دوكان و موسڵ بوونى هه‌یه، كه هێلكه‌ى ماسییه‌كانى دیکە ده‌خوات، ئه‌مه‌ش به هۆكارى سه‌ره‌كى داده‌نێت بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ى ماسی له‌و به‌نداوانه‌دا كه له ده‌یه‌ى هه‌شتاكان ژماره‌یه‌كى زۆر ماسییان تێدابوو.
به‌خێوكردنى ماسی له هه‌رێمى كوردستان، به‌شێوه‌یه‌كى زانستى نییه
بڕوا عەبدوڵا خاوەنی بڕوانامەی ماستهرە له به‌رهه‌مهێنانى ماسی و شارهزایە له ماسى كارب، بۆ په‌یسه‌ر باسیلەوەکرد، به‌خێوكردنى ماسی له هه‌رێمى كوردستان، به‌شێوه‌یه‌كى زانستى نییه‌و هه‌ڕه‌مه‌كییه، هاوڵاتیان به‌پێى ئه‌زموونى خۆیان ماسی به‌خێو ده‌كه‌ن، پێشیوایه ناوچه بهردهڵانییهكان و زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان، رێڕه‌وه ئاوییه‌كان شوێنى شیاونین بۆ دروستكردنى پڕۆژه‌ى به‌خێوكردنى ماسى.
کێشەیەکی دیکە ئەوەیە، له هه‌رێمی کوردستان مهفقهسى په‌نجه ماسى گه‌وره بوونى نییه، تاوه‌كو په‌نجه‌ماسى به ته‌واوى دابینبكات بۆ خاوه‌ن پرۆژه‌كان، ئه‌وه‌شى هه‌یه نرخه‌كه‌ى گرانه، به تایبه‌ت له سه‌ره‌تای وه‌رزى به‌هاردا و له هاوینان هه‌رزان ده‌بێت، له‌م وه‌رزه‌شدا كاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ى نه‌خۆشى له‌ناو ماسییه‌كاندا.
ئەو پسپۆڕە باسیلەوەکرد، ئه‌گه‌ر بێت و حكومه‌ت گرنگى به‌م سامانه بدات و به تایبه‌ت به شێوازى زانستى و له‌ژێر چاودێریی كه‌سانى پسپۆڕ پڕۆژه‌كان بكه‌ونه گه‌ڕ، ئه‌و كاته ده‌توانرێت له‌ڕووى بازرگانیشه‌وه سوودى هه‌بێت و ماسى هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه بكرێت، به تایبه‌ت له‌و رووبارانهى ده‌ڕژێنه ناو هه‌رێمى كوردستان و چه‌م و رووباره‌كانى تریش به هه‌مان شێوه، یاخود ده‌ریاچه‌كان كه ده‌توانرێت سیستمى سندوقى لێدابنرێت.
به‌شێوه‌ى سروشتى له‌ماوه‌ى دوو ساڵ و نیودا كێشى ماسییه‌ك ده‌بێت به یه‌ك كیل
گرفتێكى دیكه ئه‌وه‌یه كه به‌رهه‌مى ماسى چاودێرى و سه‌رپه‌رشتى وردى ناكرێت، بۆ نموونه به‌ڕێگه‌ى ده‌ستكرد، له ماوه‌ى شه‌ش مانگدا، ده‌توانرێت ماسییه‌كى سێ كیلۆیی به‌رهه‌مبهێندرێت، به‌ڵام به‌شێوه‌ى سروشتى له‌ماوه‌ى دوو ساڵ و نیودا كێشى ماسییه‌ك ده‌بێت به یه‌ك كیلۆ، به‌هۆى قڕكردن و مادده كیمیاییه‌كان و پاشماوه زێرابییهكان و زۆرجاریش له ڕێگه‌ى ڕاوكردنهوه، ئه‌و ماسیانه‌ى به سروشتى به‌رهه‌م دێن قه‌لاچۆ ده‌كرێن، ئه‌گه‌ر ته‌نها یه‌ك ماسى دوو كیلۆ و نیوى له‌ناوبچێت له‌كاتى گه‌راداناندا، له‌گه‌ڵ خۆیدا ده هه‌زار هێلكه له‌ناوده‌چێت.