کوردستان

04:09 - 25/08/2019

داوا له‌به‌رهه‌م ساڵح ده‌كرێت نامه‌یه‌ك بۆ ئه‌مریكا و ئێران بنێرێت‌

پەیسەر

داوا له‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق ده‌كرێت، نامه‌یه‌ك بۆ ئه‌مریكا و ئێران بنێرێت و داوابكات، عێراق نه‌كه‌نه‌ گۆره‌پانی یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ململانێكانى خۆیان.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌تووه‌، له‌كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی ٢٢ی ئابی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق، كه‌ له‌كۆشكی سه‌لام له‌به‌غداد به‌رێوه‌چوو، عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، داوایان له‌به‌رهه‌م ساڵح كردووه‌ نامه‌یەک ئاڕاسته‌ی هه‌ریه‌ك له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و كۆماری ئیسلامی ئێران بكات، كه‌ عێراق نه‌كه‌نه‌ گۆڕه‌پانی ململانێكانیان و كێشه‌كانیان له‌ناو خاكی عێراق یه‌كلایی نه‌كه‌نه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، به‌رهه‌م ساڵح بۆ روونكردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق ده‌رباره‌ی كێشه‌كانی واشنتن و تاران، رۆژی ٢٤ی مانگ به‌جیا بانگهێشتی هه‌ریه‌ك له‌ نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتر و سه‌لیم جبوری سه‌رۆكی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و هادی عامری كردووه‌، بۆچوونی ئه‌وانی ده‌رباره‌ی ئه‌و دوونامه‌یه‌ وه‌رگرتووه‌.

ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ى سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى عێراق، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ زیاتر گرژبوونى دۆخى ناوچه‌كه‌و بۆردوومانى سه‌ر باره‌گاكانى حه‌شدى شه‌عبیى له‌ عێراق.