کوردستان

03:13 - 25/08/2019

توركیا به‌ قوڵی ٤٠كیلۆمه‌تر هاتووه‌ته‌ ناو باشوری كوردستان‌

پەیسەر


سوپای توركیا به‌قوڵایی ٤٠كیلۆمه‌تر هاتووه‌ته‌ ناو باشوری كوردستان، حكومه‌تی هه‌رێم بێده‌نگه‌ و به‌غداش لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كات.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا سوپای توركیا بە قوڵایی ٤٠ كیلۆمه‌تر له‌ناوچه‌ی برادۆست هاتووه‌ته‌ ناو خاكى باشوری كوردستان، چه‌ند بنكه‌ و باره‌گایه‌كی نوێی كردووه‌ته‌وه‌ له‌و بنكه‌ نوێیانه‌ش ئاڵای توركیا هه‌ڵنه‌كراوه‌، به‌ڵكو كاتێك جوتیارانی ئه‌و ناوچانه‌ لێیان نزیكبوونه‌ته‌وه‌، بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ سه‌ربازی توركیا له‌و ناوچانه‌ هه‌ن.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، حكومه‌تی هه‌رێم بێده‌نگه‌ و سوپای عێراقیش له‌رێگه‌ی ده‌زگای هه‌واڵگری سه‌ربازیی، سه‌رقاڵی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌ ژماره‌ی بنكه‌سه‌ربازییه‌كانی توركیا و هێزه‌كانیان، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی به‌فه‌رمی به‌غداد داوای زانیاری له‌حكومه‌تی هه‌رێم كردبوو ده‌رباره‌ی جموجوڵی سوپای توركیا له‌ناو خاكی هه‌رێم، به‌ڵام تائێستا حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ڵامی ئه‌و داواكارییه‌ی نه‌داوه‌ته‌وه‌.

جموجوڵه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی سوپای توركیا له‌كاتێكدایه‌، دوێنێ وه‌زاره‌تی به‌رگری توركیا ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی (چنگ ٣) ی له‌ناو باشوری كوردستان دژی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ راگه‌یاند.