کوردستان

02:52 - 25/08/2019

پارتی بۆ كه‌ركوك داواى رێككه‌وتنێكى نوێ ده‌كات‌

پەیسەر

پارتی رێككه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ده‌رباره‌ی كه‌ركوك هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌، بڕیاره‌ به‌م نزیكانه‌ هه‌ردوولا كۆببنه‌وه‌. پارتى ده‌یه‌وێت رێككه‌وتنێكى نوێ بكرێت

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، پارتی دیموكراتی كوردستان له‌رێگه‌ی ئه‌ندامه‌كانیه‌وه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، رێككه‌وتنی ١١ی ته‌موزی له‌سه‌ر پرسی پارێزگاری كه‌ركوك له‌گه‌ڵ یه‌كێتی هه‌ڵوه‌شاندووەته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، ئه‌ندامه‌كانی پارتی له‌ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك رایانگه‌یاندووه‌، پشتیوانی ئه‌وه‌ ناكه‌ن ته‌یب جه‌بار كاندیدبكرێت بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك، بۆ ئه‌مه‌ش پارتی دوو بژارده‌ی خستۆته‌ به‌رده‌م یه‌كێتی.

پارتى داوایكردووه‌، دانوستان له‌سه‌ر پۆستی پارێزگار بكرێته‌وه‌ به‌مه‌رجێك ته‌یب جه‌بار له‌كاندیدبوون لاببرێت، ئه‌گه‌ری دووه‌میش ئه‌وه‌یه‌ ته‌یب جه‌بار بمێنێته‌وه‌ به‌ڵام یه‌كێتی سێ  كاندیدی دیكه‌ش پێشكه‌ش بكات، به‌ ده‌نگدانی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا یه‌كلایی بكرێنه‌وه‌.

پارتی ده‌یه‌وێت بۆ كه‌ركوك رێككه‌وتنێكی نوێ بكرێت، رێككه‌وتنی پێشووی یه‌كێتی و پارتی ده‌رباره‌ی كه‌ركوك به‌لای پارتی-یه‌وه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت بووه. بڕیاره‌ له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر ئاستی مه‌كته‌بی سیاسی، بۆ تاوتوێكردنی ئه‌و پرسه‌ كۆببنه‌وه‌ و كۆبوونه‌وه‌كه‌ش له‌سه‌رداوای یه‌كێتی-یه‌.